دەستەی گەشتوگوزار: ئامادەكاری بۆ هاتنی ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران كراوە
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، پلانی وردیان داناوە و چەندان لیژنە بڕیاریان لێ دراوە تا لە ڕۆژانی جەژن پێشوازی لە گەشتیارانی عێراقی و بیانی بكەن.
ئەمڕۆ شەموو 18ی ئاب/ ئۆگەستس، نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئامادەكاری تەواومان كردووە و كەرتی تایبەت هەموویان راسپێردراون بۆ ئامادەبوون بەشێوەی مەیدانی لە پێشوازی گەشتیارانی جەژنی قوربان.
روونی كردەوە كە بە هاوئاهەنگی دەزگا تەناهییەكان هەموو رێكارەكان گیراونەتەبەر تا خەڵك و گەشتیاران لە كەشێكی ئارام كاتی خۆش بەسەر ببەن.
" چەند لیژنەیەك دروست كراون كە بریتیین لە لیژنەی پێشوازی و بەدواداچوون و چاودێری و ئەو لیژنانە لە مەرزەكان و بازگەكان و فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان نوێنەریان هەیە، چاوەڕوان دەكەین سەتان هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكان بكەن و داهاتی باش دێتە بازاڕەكانی كوردستان" گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وای گوت.
هەروەك باسی لەوە كرد كە كردنەوەی ڕێی نێوان هەولێر و كەركووك كاریگەری دەبێت لەسەر هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەكانی كوردستان.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست "وشە" كەوتووە، لە جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوو 213 هەزار گەشتیاری بیانی و ناوخۆی ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و زۆرترین گەشتیار ئەوكات روویان لە پارێزگای هەولێر كردبوو.
سۆران/ موڕشید برادۆستی
وشە -
سهرخێڵ هاشم