ئەردۆغان: ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانمان لە عێراق و سووریا فرەوانتر دەكەین

:: PM:06:01:18/08/2018 ‌

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی رووبەڕووی هەڕەشە ئابوورییەكانی ئەمەریكا دەبێتەوە و ئاماژەی كرد كە هێزەكانی وڵاتەكەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانیان لە عێراق و سووریا فرەوانتر دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو ئەردۆغان لە وتەیەكی لە یەكەم كۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان لە دوای هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە و جێبەحێكردنی سیستەمی نوێی سەرۆكایەتی رووی لە ئەمەریكا كرد و گوتی، كەسانێك بە ئابووری و سزا و دابەزاندنی بەهای لیرە و زیادكردنی سوود و هەڵاوسان هەڕەشە لە ئێمە دەكەن، ئێمە پێیان دەڵێین كە پیلانی ئێوەمان ئاشكرا كردووە و رووبەڕووتان دەبینەوە.  

زیاتر گوتی، دەڵێن ئەگەر باوەڕ هەبێت، توانایش دەبێت، بۆیە سەر بۆ ئەوانەی لە سەر حسێبی دنیا سیستەمێكی خۆشگوزەرانیان بۆخۆیان دامەزراندووە دانوێنین، دووپاتی كردەوە كە لە فرەوانكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لە سووریا و عێراق دەستمان پێ كردووە، بەردەوام دەبین و سوورین لەسەر نەهێشتنی هەڕەشەكانی سەر توركیا لە عێراق و سووریا.

سێشەمی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێك گەیشتە ئەنكەرە و چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كەوت كە ئێستە وڵاتەكەی رووبەڕووی سزای ئەمەریكا دەبێتەوە و بەهای لیرەی توركیا ژمارەیەكی پێوانەیی لە دابەزین لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكایی تۆمار كردووە، بەهۆی كێشەی ئەو قەشە ئەمەریكاییەی توركیا گرتوویەتی و ئەمەریكایش داوای ئازادكردنی دەكات.

ئێوارەی چوارشەمی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هێرشیان كردە سەر چەند ئامانجێكی هێزەكانی پەكەكە لە سنووری شارۆكەی شنگال و زیانی گیانیان بەوان گەیاند و گوتەبێژ بە ناوی سەرۆكایەتیی توركیا رای گەیاند كە لەگەڵ عەبادی لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لەناو خاكی عێراق ئەنجامی دەدەن، قسەیان كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل