وادەی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لەگەڵ چوار لایەنەكە ئاشكرا كرا

:: PM:07:56:18/08/2018 ‌
بەرپرسی پێوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ڕای گەیاند، پێشنیازی كۆبوونەوە لەنێوان چوار لایەنەكە و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كراوە.

چوار لایەنی ناڕازی لە هەرێمی كوردستان كە پێكهاتوون لە " بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی" دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ڕابردوو بەرەیەكی هاوبەشیان پێكهێناو ئێستە پارتی و یەكێتی دەیانەوێ‌ لەگەڵیاندا كۆ ببنەوە، بۆ ئەوەی یەكڕیزی ناوماڵی كورد دروست بكەن و بە پڕۆژەیەكی هاوبەش بچنەوە بەغدا.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئاب/ ئۆگەستس، سەلیم كۆیی بەرپرسی پێوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێنشنیازی كۆبوونەوەی نێوان چوار لایەنەكە لەگەڵ پارتی و یەكێتی كراوە.

ڕوونیشی كردەوە كە بارودۆخەكە وا دەخوازێت كۆبوونەوەی نێوان ئەو لایەنانە بكرێت. بەرپرسەكەی كۆمەڵی ئیسلامی دووپاتی كردەوە كە كۆبوونەوەی نێوان چوار لایەنەكە و پارتی و یەكێتی ڕاستەوخۆ دوای جەژنی قوربانی ئەنجام دەدرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو سەرۆك بارزانی لە گوتارێكدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی ڕای گەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەكان بیر لە یەكڕیزی بكەنەوە و دووپاتی لەوە كردەوە كە پارتی ئامادەی هەموو یەكڕیزییەكە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم