وەزیری بەرگریی توركیا رای گەیاند كە پێشبینی دەكەن بەمنزیكانە هێزەكانی توركیا و ئەمەریكا دەست بە مەشقی هاوبەش بكەن لە ناوچەی منبەج لە سووریا.
خلووسی ئاكار ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا كە لە وەزارەتی بەرگریی توركیا لەبارەی جموجۆڵە سەربازییە هاوبەشەكانی توركیا و ئەمەریكا دەرچووە گوتی، ئەو جموجۆڵە سەربازییە هاوبەشانەی توركیا و ئەمەریكا بۆ سەقامگیركردنی دۆخی ناوچەكە و بە پێی پرەنسیپی نەخشەرێگە و دابینكردنی تەناهی لە منبەج بەڕێوە دەچێت.
زیاتر گوتی، لەو چوارچێوەیە پێشبینی دەكرێت بەمنزیكانە سەربازانی هەردوولا دەست بە راهێنانی سەربازی هاوبەش وەك بۆ قۆناغی داهاتوو پلانی بۆ داڕێژكراوە، بكەن.
لە 18ی حوزەیرانی رابردوو سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا رای گەیاند كە هەردوو سوپای توركیا و ئەمەریكا هێزی جیای گەڕۆكی سەربازی لە منبەج و دەشتی حەلەب بە درێژایی هێڵی نێوان ناوچەی ئۆپراسیۆنی "قەلغانی فورات" دەسوڕێننەوە، ئەوەیش لە چوارچێوەی نەخشەرێگەیەك لە نێوان واشنتن و ئەنكەرە رێككەوتنی لەسەر كراوە.
واشنتن و ئەنكەرە لە حوزەیرانی رابردوو گەیشتنە رێككەوتننێك لەبارەی منبەجەوە بە دەرچوونی هەسەدە لە شارەكە.
دوێنێ جیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند كە مەشقی هاوبەشی نێوان هێزەكانی توركیا و ئەمەریكا بۆ رێكخستنی هێزی هاوبەش لە نێوانیان لە شاری منبەج لە ماوەی سێ رۆژی تر دەست پێ دەكات.