چەكدارانی داعش بە رێككەوتن لەگەڵ سوپای سووریا دزە دەكەنە ناو عێراق

:: PM:09:28:18/08/2018 ‌

دۆخی تەناهی لە سنوورەكانی عێراق لە دیوی پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار پێویستی بە زیاتر لە بەیاننامەیەكی عێراقی هەیە بۆ دووپاتكردنەوەی كۆنترۆڵكردنەوەیان بە تەواوەتی، چونكە هێزەكانی عێراق هەوڵێكی زۆر دەدەن بۆ سەلماندنی ئەوە، ئەوەیش لە سایەی بەردەوامیی هێرشی شەوانەی چەكدارانی داعش بە شێوازی جیاواز لەوانە بۆمبڕێژكردنی تەرمی رفێنراوان لە هێزە تەناهییەكانی عێراق.

لە ناو رووبەرێكی 90 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە نێوان عێراق و سووریا كە ناوچەیەكی بیابانی و سەختە، چەكدارانی داعش زۆرباش مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، لەوێ پاشماوەی چەكدارانی داعشی شكستخواردوو لە عێراق و سووریا بڵاون، ئەفسەرانی سوپای عێراق لەو بارەوە بۆ "عەرەبی ئەلجەدید" دەڵێن، هێرشەكانی داعش زیاتر خۆكوژین و خاڵە تەناهییەكانی سوپای عێراق دەكەنە ئامانج، زاتە زیاتر لە چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای بەشار ئەسەد. 

ئەفسەرێك لە سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنەكانی بادیە و جەزیرەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق و بەرپرس لە پاراستنی تەناهی سنوورەكانی عێراق-سووریا لەو بارەوە دەڵێت، لە ماوەی مانگی تەمووزی رابردوو چەكدارانی داعش 40 جار هەوڵی دزەكردنیان لە سووریاوە بۆ ناو خاكی عێراق داوە لەسەر شێوەی گرووپی 3-10 كەسی و بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر عێراقییەكان لە هاووڵاتی و هێزە تەناهییەكانەوە، ئەوان مەبەستیان خۆحەشاردان بووە بەهۆی سەختیی ناوچەكانی دیوی عێراق، بەڵام زۆرترینی هەوڵەكانیان شكست پێ هێناوە.  

زیاتر گوتی، بەداخەوە سوپای سووریا درۆ دەكات و متمانەمان بەوان نەماوە، چونكە چەكدارانی داعش لەبەرچاوی ئەوانەوە لە بیابانی ئەلبووكەمال و تنەف و دەورورەی ناوچەی هەجین بۆ ناو عێراق دزە دەكەن، بەڵام ئەوان رووبەڕوویان نابنەوە و خۆیانی لێ لادەدەن، بۆیە ئێمە زیاتر پشت بەخۆمانەوە دەبەستین و وەك ئەوە مامەڵە دەكەین كە لە دیوەكەی تری سنوور كەس رووبەڕوویان نابێتەوە. 

روونی كردەوە كە دەستەواژەیەك لەناو سوپا لەو ناوچانە هەیە بەناو "زۆمبی" و هەركاتێك دووبارە بووەوە واتە هەوڵی دزەكردنی تیرۆریستانی داعش هەیە، دووپاتی كردەوە كە ژمارەیەكی زۆری سەربازانمان بوونەتە قوربانی نەوەك تەنیا لە رووبەڕووبوونەوەكان، بەڵكو لەكاتی چوونەوەیان بە مۆڵەت، كاتێك شانە نوستووەكانی داعش ئەوان دەكەنە ئامانج و دەیانكوژن، تا كار گەیشتە ئەوەی شوفێرانی تاكسی سەربازان بەرەو بەغدا نەگوازنەوە.  

نەقیب سەعد مشەهەدانی، كە برایەكی لە هێرشێكی داعش لە باكوری بەغدا لەدەست داوە دەڵێت، هەفتانە سێ بۆ چوار ئاهەنگمان هەیە، واتە هەوڵی دزەكردنی داعش، ئەوان بە تۆیۆتای پیكەب دێن و بەر لە گەیشتینان بۆ ناوچەی سنووری نێوان هەردوو وڵات، دادەبەزن و تەنیا كلاشینكۆڤ و دەمانچەیان پێ دەبێت و هەیانە ئار بی جی پێیە و هەشیانە پشتێنەی بۆمبڕێژكراوی بەستووە و بە رۆیشتن و خۆخشاندن لەسەر زەوی و جاروبار راكردن هەوڵی دزەكردن دەدەن، مەترسی گەورە ئەوەیە ئێمە هەستیان پێ ناكەین تا نزیك دەبنەوە، ناوچەی سنووری قەدەغەكراو بریتییە لە رووبەرێكی 500 مەتر پان و 600 كیلۆمەتر درێژی لە سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا كە لە سەردەمی جەنگی ساردی نێوان عێراق و سووریا لە هەشتاكانی سەتەی رابردوو دروست كرا.    

لە ماوەی دوو مانگی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق ژمارەیەك هێرشی ئاسمانیان كردە سەر چەند ئامانجێكی داعش لە ناو خاكی سووریا، لەپاڵ بۆردومانی تۆپخانەكانی عێراقی بۆ ئامانجەكانی داعش لە ئەلبوكەمال و دێرزوور و ناوچەكانی نزیك لە حەسەكە و بەو هۆیەوە دەیان چەكداری داعش كوژراون، جیا لە هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی دژ بە داعش لە بۆ ناوچە سنوورییەكان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو.

هاوكات هەرسێ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەردەوامن لە تەلبەندكردنی سنوورەكانی عێراق و هەڵكۆڵینی خەندەك و دروستكردنی بەربەستی خۆڵ بەدرێژایی 600 كیلۆمەتری سنووری نێوان هەردوو وڵات، خەڵكی ناوچەكە لە گوندەكانی بەعاج و رەبیعە لە نزیك سنوورەكانی سووریا دەڵێن كە سنوورەكانی عێراق و سووریا گۆڕاون و هێزەكانی عێراق دوو كیلۆمەتر پاشەكشەیان كردووە و لەبەر هۆكاری سەربازی بەربەستیان دروست كردووە، بۆیە مەترسی هەیە بەو هۆیەوە سووریا بەشێك لە خاكی عێراق بۆخۆی داببڕێت.

جاسم دلێمی، شارەزای تەناهی و راوێژكار لە كاروباری هێزەكانی سەحوە لە 2008 دەڵێت، پێویستە سنوورەكان لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی زەویەوە دابخرێت نەوەك لە رێگەی پشتبەستن بە كامێڕا و ئامێری چاودێرییەوە كە درووست نییە، چونكە داعش دەتوانێت لە رێگەی بەكارهێنانی توونێل و لە كەشوهەوای نائاسایی و پەككەوتننیان بیانبڕێت و دزە بكات، دووپاتی دەكاتەوە كە بێباكی لەلایەن سوپای سووریا روونە و رێككەوتننیان لەگەڵ پاشماوەی چەكدارانی داعش هەیە بەوەی ئێمە مەكەن بە ئامانج و ئێمەیش لە لێدانی عێراقییەكان یان پەڕینەوە بۆ ناو خاكیان رێگەتان لێ ناگرین.  

  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل