دەیان بەركەوتووی چەكی كیمیایی ژیانیان لە مەترسیدایە

:: PM:09:40:18/08/2018 ‌
دەیان بەركەوتووی چەكی كیمیایی ژیانیان لە مەترسیدایە و لەگەڵ هەناسەوەرگرتن بە ئۆكسجین ڕۆژەكانی تەمەنیان بەڕێدەكەن. سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانیش داوا دەكات كە بودجەی ساڵانە بۆ بەركەوتووان دابنرێت تا چارەسەر بكرێن.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بۆ "وشە" گوتی، لەم ماوەیەدا چەند بەركەوتوویەك ڕەوانەی ئێران كراون و لەوێ نەشتەرگەری و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، چەندان كەسی تریش ماون كە پێویستیان بە چارەسەرە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو گازەی كە ئەم كەسانەی پێ نەخۆش كەوتووە گازی خەردەل بووە كە كاریگەری لەسەر چاو و كۆئەندامی هەناسەدان و پێست هەبووە و وایكردووە كە ئەو كەسانەی بەركەوتووی ئەو گازەن نەتوانن بە ئاسانی هەناسە بدەن، بۆیە 23 بەركەوتووی تریش بە ئۆكسجین دەژین و هەندێكیان ڕۆژانە زیاتر لە سەعاتێك دەبێت ئۆكسجین وەربگرن.

" لەگەڵ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و وەزارەتی تەندروستی قسەمان كرد كە ناوی ئەو بەركەوتووانە بخرێنە سەر وەزارەتی تەندروستی ئەوانیش ڕەزامەندیان نیشاندا و ناوی بەركەوتووان خرایە سەر وەزارەتی تەندروستی، بۆیە داواكارین وەزارەتی تەندروستی مانگانە و ساڵانە ئەو بەركەوتووانە ڕەوانەی دەرەوە بكات كە پێویستیان  بە چارەسەری دەرەوەیە" لوقمان وای گوت.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە بودجەی ساڵانە بۆ بەركەوتووان تەرخان بكات و ئەوانەیشی كە پێویستیان بە چاندنی مۆغ یا نەشتەرگەری هەیە چارەسەریان بكات.

لە ساڵی 1988 لە دوای كیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی لێخراوی بەعسەوە، 972 كەس بەر كیمیاییەكە كەوتن و نەخۆشكەوتن لەو كاتەوە تا ئێستا بەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن، هەروەها لەو ڕێژەیەیش لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستە 104 بەركەوتووی كیمیایی گیانیان لەدەستداوە.

سلێمانی / لۆڤە محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم