عێراق.. بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت 20 ملیار دۆلار لە بودجە زیاد دەبێت

:: PM:10:39:18/08/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە هەشت مانگی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بۆ زیاتر لەوەی لە بودجەی عێراق خەمڵاندنی بۆ كراوە، بڕی 20 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی پارەی زیاد بۆ عێراق هاتووەتەوە.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی پێشووی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، لە كاتی دانانی یاسای بودجە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو بە 46 دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام نرخەكەی زیادی كردووە و داهاتێكی زۆری زیادی نەوت كەڵەكە بووە. 

زیاتر گوتی، جیاوازی نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك 16 دۆلار زیادی كردووە و كۆی ئەو ژمارەیەیش بۆ هەشت مانگی رابردوو دەگاتە 20 ملیار دۆلار و بە پێی دەستووری عێراق و یاسا ئەو پارە زیادە دەخرێتە سەر بودجەی تەواوكاری و حكوومەتی مافی دەستكاریكردنی نییە بەر لە پەسندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.

نەجیب دووپاتی كردەوە، بەو پێیەی تەمەنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق كۆتای هاتووە و خولی نوێیش دەستی پێ نەكردووە و سەرقاڵی پێكهێنانی حكوومەت دەێت، واتە ئەو پارەیە دەخرێتە سەر بودجەی  2019 و روونی كردەوە كە دەبێت ئەو پارە بۆ پرسە فریاگوزارییەكان خەرج بكرێت، بەڵام بەزۆری بە پێی میزاجی سەرۆك وەزیران خەرج كراوە.

لە كاتی دانانی بودجەی عێراق بڕێك كورتهێنان دیاری كراوە و وەك چاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن ئەو پارەی زیادەی جیاوازی نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق هەیە، بڕێكی زۆری پارەی بۆ عێراق هێناوە زیاتر لە رێژەی كورتهێنانەكە كە دەتوانرێت لە چوارچێوەی بودجەی تەواوكار خەرج بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل