منداڵان لەگەڵ دایكە سزادراوەكانیان بە دەروونێكی لاواز و شەڕانگێزەوە گەورە دەبن

:: PM:11:56:18/08/2018 ‌

لە چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانیدا منداڵان لەگەڵ دایكە سزادراوەكەیاندا گەورە دەبن و كاریگەرییە نەرێنییەكان لەسەر دەروون و كەسایەتی ئەوانەوە جێدێڵن.

ئومێدە محەمەد، بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و نەوجەوانانی سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، لە ڕابردوودا دوو منداڵ لەگەڵ دایكیان لە زینداندا بوون، بەڵام ئێستە یەك منداڵمان لەگەڵدایە. روونی كردەوە، بە پێی یاسا دەبێ تاوەكو تەمەنی سێ ساڵی منداڵ لەگەڵ دایكیدا لەناو چاكسازیدا بمێنێتەوە، بۆیە منداڵێكیان ڕەوانەی لای كەسوكاری كردووە و ئێستەیش منداڵێكی چوار مانگ لەگەڵ دایكیدا ماوەتەوە لە زینداندا گەورە دەبێت.

زیاتر گوتی، دایك و باوكی ئەو منداڵە سزای لەداردانیان هەیە و لە زینداندان، لەبەرئەوەی لە زیندانەكاندا ڕێگە دەدرێت كە مانگی جارێك ژنان و پیاوان لای یەك بمێننەوە و درێژە بە هاوسەرێتییان بدەن، لە دەرەنجامدا ئەو منداڵە لە زینداندا دروست بوو و لەدایك بوو، ئێستەیش منداڵەكە لەگەڵ دایكیدا لە زینداندایە، كە دەبوو نەهێڵن منداڵ دروست بێت، وەك ئەوەی كە سزای لەداردان و تا هەتایی زیندانیان هەیە.

بەڕێوەبەرەی چاكسازی ژنان و نەوجەوانانی سلێمانی ئاماژە دەكات، لە ڕابردوودا منداڵ هەبووە كە كەسوكاری لە دەرەوە نەبووە، بۆیە دوای تێپەڕبوونی تەمەنی سێ ساڵیش لە زینداندا هێشتوومانەتەوە، خۆ فڕێی نادەینە دەرەوە، ناچار لەگەڵ دایكەكەدا هێشتوومانەتەوە تا سزای دایكەكە تەواو بووە.

سەبارەت بە كاریگەرییە نەرینییەكانی گەورەبوونی منداڵ لە زیندانەكاندا ڕۆژگار حەسەن، توێژەری كۆمەڵایەتی، بۆ"وشە" گوتی، منداڵان لە زینداندا دوو جار دەبنە قوربانی، جارێك بەهۆی كردەوەكانی دایكیانەوەیە كە زۆرێكیان پێییان وایە دایكییان بۆ كار هاتوون و پارە پەیدا دەكەن، یان دایكیان مامۆستا یا دكتۆرە و كارێكیان هەیە بۆیە لێرەن، بۆیە بەردەوام لەدایكیان دەپرسن دایكە ئێرە كوێیە؟ كەی دەڕۆین؟ بۆ كوێ دەڕۆیین؟ چی دەكەی؟ چیمان لێ دەكەن؟، بەڵام سەرجەم پرسیارەكانیان بەبێ وەڵامی دەمێنێتەوەو نائومێد دەبن.

ڕۆژگار ئاماژە دەكات، سەرەنجام ڕقیان لە كاركردن و مامۆستا و دكتۆر و ئەو چاودێرانەی زیندان كە سەرپەرشتیان دەكەن دەبێتەوە و بە توندی ڕەفتاریان لەگەڵدا دەكەن، هەموو خەم و هەوڵیان لەگەڵ دایكیان دەرچوونە لەو شوێنە كە زیندانە و بە ڕەفتارێكی دوژمنانە و ڕقەوە بەردەوام لە ململانێدان و لە پرسیاردان لەگەڵ دایكیان و منداڵێكی ئاسایی نین، بەردەوام واقیان لە هەڵسوكەوتەكانی چوار دەوریان و دایكیان وڕ ماوە تەنانەت ناتوانن بەسەر خۆیاندا زاڵبن و بەردەوام بەدوای بیانوودا دەگەڕێن لە خواردن لە جلوبەرگ لە خەوتن و هەتا هەڵسوكەوتیان پێچەوانەی ویستی دایكیانە، كەم بەرگە و شەرخوازن و دوو جار دەبنە خەم و مەینەتی بۆ دایكیان كە ئێستە و لە داهاتوودا و لە ژیان و ڕەفتارەكانیاندا ڕەنگ دەداتەوە، كە مەترسین بۆ سەر كۆمەڵگا.

سەبارەت بە چارەسەرییەكانی ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە گوتی، پێش ئەوەی كار لەسەر منداڵەكان بكرێ، دەبێت بە پێی تەمەنەكان چەندین شێوازی یاریكردنی هونەری و فێركاری و بە پێی خواستی منداڵەكان دابین بكرێ تا دووربن لەو ژینگە ڕۆتینییەی ڕۆژانەی گەورەكان و دایكیان و لە قۆناغی منداڵی خۆیان بژین و دوور بن لە گەورەكان.

سلیمانی/ لۆڤە محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل