ڕۆژنامەیەكی فڕەنسی: داعش بە بەهێزی دەگەڕێتەوە عێراق

:: AM:08:28:19/08/2018 ‌

ڕۆژنامەی "لۆمۆند"ی فڕەنسی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، تیرۆریستانی داعش دەستیان بە هەڵمەتێك كردووە بە ناوی "گەڕانەوەی نوێ" تێیدا بە فرەوانی دەگەڕێنەوە عێراق و تا ئێستەیش سێ هەزار چەكداری چالاكیان لە عێراق بوونی ماوە و دووبارە خۆیان ڕێك دەخەنەوە و دەیانەوێ هێرش بكەنەوە سەر ناوچەكان.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئامانجی یەكەمی تیرۆریستانی داعش دووبارە بڵاوكردنەوەی ترسە لە دڵی دانیشتووان لە شارەدێ و گوندەكان، لە ڕۆژانی ڕابردوویش لە شاری تارمییە دەستیان بە كوشتنی خەڵكی مەدەنی و هێزەكانی تەناهی كردووە و لە بێستانەكانیش خۆیان دەشارنەوە. 

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، ئەوان بە گرووپی جیا جیا و لە ناوچەی جیاوازە دەستیان بە جموجۆڵ و چالاكی كردووە، سەرەتایش بە وەرگرتنی سەرانە و زەكات لە خەڵكی دەیانەوێ خۆیان دەوڵەمەند بكەنەوە و ئنجا دەست بە هێرشی فرەوان دەكەنەوە.

زانیارییەكانی ڕۆژنامە فڕەنسییەكە باس لەوەیش دەكەن، كە داعش لە تارمییە و دەوروبەری بەغدا و ڕۆژئاوای دیالە و تكریت و بەشی ڕۆژئاوای مووسڵ و تەلەعفەر بە تەواوی چالاكبووەتەوە و هەزار چەكداری تۆكمە و ئامادەی هەیە كە بۆ هێرش و شەڕكردن ئامادەن، تیمی دووەمی داعشیش كە خۆیان لە دوو هەزار چەكدار دەبیننەوە، لە سێگۆشەی مەرگ واتە لە زنجیرە چیای حەمرین  لە نێوان دیالە و كەركووك و سەڵاحەدین بوونیان هەیە و لە سامەڕا و ڕێی كەركووك بۆ بەغدا بڵاوبوونەتەوە، جیا لە بیابانەكانی ئەنبار و بەعاج لە مووسڵ.


وشە - باز ئه‌حمه‌د