ئه‌مه‌ریكا زانیاری نوێ له‌باره‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

:: AM:08:44:19/08/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی زانیاری نوێی لەسەر دۆخ و ژیانی سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش "ئەبوبەكر بەغدادی" بڵاوكرەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، بەغدادی لە بادیەی سووریایە و لە دۆخێكی دەروونی جەستەیی خراپدایە و بە تەواوی سەر و ڕیشی سپی بووە.

ڕۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرنال"ی ئەمەریكی زانیاری لە سەركردەیەكی عێراقی لە ڕیزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بەناوی "ئیسماعیل حیساوی" وەرگرتووە كە ئێستە لە عێراق لە گرتووخانەیە و ئەو سەركردەیە بە ڕۆژنامەكەی گوتووە، كە بەرپرس بووە لە سیستەمی خوێندنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش بەگشتی و شاری ڕەقە بە تایبەتی، لە مانگی ئایار/مایۆی 2017 لە شوێنە شاراوەكەی خۆی چاوی بە ئەبوبەكر بەغدادی كەوتووە و لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی تر كۆبوونەتەوە.

ئاماژەی داوە، كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەبوبەكر بەغدادی كەمێك پێش وادەی كۆتایی لەدەستدانی شاری مووسڵ بوو، لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، من لە سەركردەكانی بڕیار و ئەبوبەكر بەغدادی نزیكبووم، بەڵام بەرپرسی سیستەمی خوێندن بووم و هیچ كات دەستم بە خوێنی كەس سوور نەبووە.

ئیسماعیل حیپاوی باس لەوە دەكات، كە شوێنی كۆبوونەوەكە لە بادیەی سووریا لە ناوچەیەكی بیابانی نزیك شارۆكەی مەیادین بووە، دوو ڕۆژی پێویستە تا بە شوێنەكە دەگەیت، هەر كەسێك بۆ شوێنەكە بڕوا بە چەندان بازگە و خاڵی پشكنین تێپەڕ دەبێ و دەبێ هەموو شتێكت دابنێی تەنانەت سەعاتی دەست و قەڵەم و هەموو ئامێرێكت لێ وەردەگیرێ، لە ترسی سیخوڕیكردن بەسەر بەغدادی و ئاشكراكردنی شوێنەكەی بۆ هاوپەیمانان و هێزە شەڕكەرەكانی دژ بە داعش.

سەركردەكە باس لە ساتی دیداری لەگەڵ بەغدادی دەكات و دەڵێ، بەر لە من دوو سەركردەی تری داعشی لێ بوو كە سەركردەی مەیدانی بوون، بەغدادی لە كۆتایی ژوورەكە بە دەنگێكی نزمەوە سەركۆنەی دەكردن و بێ توانا وەسفی دەكردن و بە تەواوی لێیان تووڕە ببوو، ئەو بە تەواوی لاواز بووە و ڕیشی سپی بووە و تەندروستی هیچ تەواو نییە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د