ڕێی هه‌ولێر - كه‌ركووك به‌ فه‌رمی كرایه‌وه‌

:: AM:09:24:19/08/2018 ‌
دوای 307 ڕۆژ لە داخستنی ڕێی هەولێر- كەركووك، جارێكی تر ئەو ڕێیە بەڕووی هاووڵاتییان كرایەوە، ئەوەش بە دانانی پردێكی ئاسن بەشێوەی كاتی لەسەر لایەكی پردە ڕووخاوەكە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئاب، عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئەمڕۆ ئەو ڕێیە كراوە دەبێت، ئەمڕۆ تا 25 مانگ تەنیا پاس و ئۆتۆمبێلی بچووك دەتوانن هاتوچۆ بكەن.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتی، ئەو پردە 65 تۆن دەتوانێت هەڵبگرێت، هەروەها لە داهاتوو سەرجەم شوێنە داخراوەكان لادەبرێن. 

هاوكات نوێنەری حكوومەتی ناوەند لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی، كۆی گشتی تێچوونەكەی گەیشتووەتە 220 ملیۆن دیناری عێراقی، توانراوە لە ماوەیەكی پێشبینی نەكراو كە تەنیا نۆ ڕۆژی خایاند، سەرجەم كارەكانی تەواو بكرێت و هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە.

عەبدولخالق تەڵعەت لەبارەی بازگەكانەوە گوتی، تەنیا یەك بازگەی هاوبەش دەبێت، لەلایەكی پردەكە پۆلیسی فیدڕاڵ هەیە و لەلای هەولێر پۆلیس و ئاسایشی هەولێر هەیە.

لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر كە باڵێكی سەربازی یەكێتی ئەنجامی دا 307 ڕۆژ ڕێی هەولێر- كەركووك داخرا، بەو هۆیەوە هاووڵاتییان ڕێیەكی دووریان بەكار دەهێنا بۆ هاتوچۆ.




وشە - رامیار جەواد