ئەمساڵ قوتابیان تەنیا لە ڕێی زانكۆلاین وەردەگیرێن

:: AM:09:26:19/08/2018 ‌
ساڵی ڕابردوو لە بەشێكی زۆری زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان سیستەمێكی نوێی وەرگرتنی قوتابی خرایە كار، ئەویش وەرگرتنی بە ڕێی ڕاستەوخۆ، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەرگرتنی قوتابی تەنیا لە ڕێی زانكۆلاین دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئاب، سیروان عەلی كە خاوەنی سەنتەرێكی تایبەتە بە كاروباری قوتابییان بۆ "وشە" گوتی، بۆ ئەمساڵی خوێندن بەهۆی نادادپەروەرییەكی ئاشكرا لە ساڵی ڕابردوو بڕیارە وەرگرتن تەنیا لە ڕێی زانكۆلاین بێت.

زیاتر گوتی، قوتابی بە نمرەی 82 و قوتابی بەنمرەی 73 ساڵی ڕابردوو لە یەك بەش وەرگیرابوون، ئەمەش بۆ قوتابی شۆك بوو و ناداپەروەری بوو، بۆیە بۆ ئەمساڵ سیستەمی زانكۆلاین باشترین بژاردە زانراوە.

هاوكات شوكریە شێخانی ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە هەوڵی رژدداین بۆ وەرگرتنی زۆرترین دەرچووی شەشی ئامادەی لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان.

شێخانی ئاشكرای كردووە، ئەمساڵ پێشكەشكردنی داواكاری بۆ كۆلێژ و پەیمانگە حكوومییەكان بۆ دەرچووانی 12 ئامادەی گشتی لەڕێی زانكۆلاین دەبێت، وەك ساڵی ڕابردوو پێشكەشكردنی فۆڕمی ڕاستەوخۆ كە كۆمەڵێك ناعەدالەتی و گەندەڵی تێدابوو، دیارە ئەم هەنگاوەش بەهۆی فشاری ئێمە و خوێندكاران و كەسانی دڵسۆز بوو.

ساڵانە قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دوای تەواوكردنی خوێندنی ئامادەیی، بەمەبەستی پەرەپێدان بە خوێندنیان، ڕووە و زانكۆ و پەیمانگەكان دەچن و دەست دەكەن بەخوێندن.



وشە - رامیار جەواد