كۆمپانیایەكی ڕووسی تایبەت بە پیشەسازی دروستكردنی جوانكاری بۆ مۆبایلە زیرەكەكان، ڕووپۆشێكی زێڕی بۆ گالاكسی نۆت9 دروست كرد، كە بە یەك كیلۆگرام زێڕ داپۆشراوە و تەنیا بۆ دەوڵەمەندەكان خرایە بازاڕەوە.
كۆمپانیای "
كاڤیار"ی ڕووسی ڤێرژنە ئاڵتوونییەكەی گالاكسی نۆت 9 بە 57 هەزار دۆلار دەفرۆشێت، چونكە بە بڕی كیلۆگرامێك زێڕی پێوەیە، ئەمەیش لە كاتێكدایە نرخی ڕاستەقینەی گالاكسی نۆت نۆ لە نێوان هەزار و 144 دۆلار و 1398 دۆلاری ئەمەریكیدایە، ئەمەش بە گرانترین نرخی مۆبایلەكانی گالاكسی دادەنرێ تا ئێستە خرابێتە بازاڕەوە.
ئەو كۆمپانیا ڕووسییە بە خستنەبازاڕی گالاكسی نۆت 9ی زێڕین قازانجی گەورەی دەست دەكەوێ، چونكە نرخی كیلۆیەك زێڕ ناكاتە زیاتر لە 38 هەزار دۆلار، مۆبایلەكەیش ناگات بە دوو هەزار دۆلار، بەڵام ئەو كۆمپانیایە نرخی مۆبایلەكەی كردووە بە 57 هەزار دۆلاری ئەمەریكی.
ئەم كارەی كۆمپانیا ڕووسییەكە سەرەڕای ئەوەی ناوازە و گرنگە، بەڵام لە هەمان كاتدا كێشی مۆبایلەكەیشی زیاد كردووە، مۆبایلی ئاسایی خۆی لە 100 تا 200 گرام دەدا، بەڵام كێشی ئەو مۆبایلە ئاڵتوونییە پێنج هێندەی ئەوان زیاترە، ئەمەیش ڕەنگە گرفتی بۆ دروست بكات و خەڵكی هێندە تامەزرۆی نەبن، تەنانەت ئەوانەیشی كە زۆر دەوڵەمەندن ناتوانن بەكاری بهێنن، لەبەر ئەوەی كێشەكەی زۆر قورسە.