یۆڤێنتۆس لەگەڵ رۆناڵدۆ بەزەحمەت سەركەوتنی یەكەمی بەدەستهێنا

:: AM:10:11:19/08/2018 ‌

یانەی یۆڤێنتۆس لە یەكەم یاریی خۆیدا لە وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا بەزەحمەت توانی لە یانەی كیڤۆ ڤیڕۆنا بباتەوە بە بەشداری باشترین یاریزانی جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی.

دوێنێ شەموو یانەی یۆڤێنتۆس پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا لە یەكەم یارییدا بووە مێوانی یانەی ڤیرۆنا و یارییەكەشی بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ بردەوە.

لە گێمی یەكەمدا هەردوو یانەكە بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوون، لە خولەكی سێی یارییەكەدا سامی خزێڕەی ئەستێرەی ئەڵمانی گۆڵی یەكەمی یارییەكە و یانەی یۆڤێنتۆسی تۆمار كرد، دواتر لە خولەكی 39 ماریۆز ستپینسكی گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی ڤیرۆنا تۆمار كردەوە.

لە گێمی دووەمیشدا یانەی ڤیرۆنا لە خولەكی 56 لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵێكی تری لە رێگەی یاریزان جیاكیرینی تۆمار كردەوە، بەڵام یانەی یۆڤانتۆس توانی 2 گۆڵی تر لە رێگەی ماتیا یانی یاریزانی یانەی ڤیرۆنا بەشێوەی هەڵە و بێرناردیسكی لە خولەكی زیادكراوی سێیەمدا تۆمار كردەوە.

بەم سەركەوتنە یانەی یۆڤێنتۆس یەكەم 3 خاڵی وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیتاڵیای بەدەستهێنا و هەنگاوێك لە پارێزگاریكردنی ناسناوەكە نزیك بووەوە.

جێی باسە رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپان لە یارییەكەدا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و هەوڵی زۆریشیدا گۆڵ تۆمار بكات و چەندان تۆپی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ كرد، بەڵام لەسەرجەم هەوڵەكانیدا سەركەوتوو نەبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م