دادگای فیدراڵ ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق پەسەند دەكات

:: AM:10:26:19/08/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی عێراقی ئاشكرای كرد، سبەی دووشەم 20ی ئاب/ئۆگستس دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند دەكات و كاتی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانیش ڕادەگەیەنێت.

ڕۆژنامەی "سەباح"ی زمانحاڵی حكوومەتی عێراق لە زاری سەرچاوەكانییەوە ئاشكرای كرد، دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق سبەی دووشەم تەواوی كاندید دەرچووەكانی هەڵبژاردن و ئەنجامی هەڵبژاردن بە فەرمی پەسەند دەدات و سەرەتای مانگی ئەیلوولیش بە كاتی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان دیاری دەكرێت.

ئەو هەوڵەی دادگای فیدراڵی لە كاتێكدایە بڕیار بوو دوای جەژن ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بكرێ، بەڵام بەهۆی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان و نەبوونی گرفت و ئاریشە پەسەندكردنی ئەنجامەكان خراونەتە پێش جەژن و دەیانەوێ لە ماوەی ڕۆژانی جەژن دانوستاندنی زیاتر ئەنجام بدرێ و تا سەرەتای مانگی ئەیلوول هەموو كێشەكان یەكلا ببنەوە.

حەیدەر فوئادی ئەندامی هاوپەیمانی نەسڕ بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، سبەی دووشەم ناوی كاندیدە براوەكان پەسەند دەكرێن و كۆی ئەنجامی هەڵبژاردنیش لەلایەن دادگای فیدراڵەوە بڕیاری پەسەندكردنی لەسەر دەدرێت، دواتر سەركۆمار داوای یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات و لەوێ بە سەرپەرشتی بە تەمەنترین پەرلەمانتار دانیشتنەكە بەڕێوە دەچێ و پاشان سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان دێنە هەڵبژاردن، پاشان سەركۆمار و دواتریش كەسێك ڕادەسپێرێ بۆ پێكهێنانی حكوومەت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د