ئەمڕۆ یەكشەم یانەی ریال مەدرید یەكەم یاریی لە وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیسپانیا (2018-2019) بەرامبەر یانەی خیتافی ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ یەكشەم سەعات 11:15ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی ریال مەدرید لە یەكەم تاقیكردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداری یانەی خیتافی دەكات.
یانەی ریال مەدرید لە ساڵی 2008وە لە یاریی دەستپێكی خولی پلە یەكی ئیسپانیا نەدۆڕاوە لەو كاتەدا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ لاكڕۆنیا دۆڕابوو، تاكە گۆڵەكەی یانەی ریال مەدرید لەو كاتەدا لەلایەن رۆد ڤان نیستەلڕۆی تۆمار كرابوو و ئەو 2 گۆڵەشی لێی تۆمار كرابوو لەلایەن میگێل ئەنخێل میستا و ئەلبەرتۆ لۆبۆ هاتبوونە تۆماركردن.
لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەسەركردایەتی راهێنەری نوێ جولین لۆپیتیگی تەنیا 2 یاریزان ماون لە كاتی شكستەكەدا بەشدارییان كردبێت ئەوانیش برێتین لە سێرجیۆ رامۆسی كاپتن و مارسێلۆی بەرگریكاری بەڕازیلی.
لەدوای ئەم ساتەوە یانەی ریال مەدرید لە هیچ یارییەكی دەستپێكی خولی ئیسپانیا نەدۆڕاوە، 6 سەركەوتنی و 3 یەكسانبوونی تۆمار كردووە، هەروەها لە چوار وەرزی رابردووشدا هیچ گۆڵێكی لێ نەكراوە.
یانەكە لە دوو وەرزی رابردوودا لە یاریی دەستپێكدا لە دەرەوەی یاریگە و دوور لە جەماوەری خۆی یاری كردووە، وەرزی پێشتر بە 3 گۆڵی خاوێن لە یانەی ریال سۆسیدادی بردبووەوە، وەرزی رابردووش بەهەمان ئەنجام لە یانەی دیپۆرتیڤۆی بردبووەوە.