بەهۆی نزیكبوونەوەی جەژن و سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانی، نرخی گۆشت لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئاب، هیوا حامد لە قەپانی ئاژەڵان لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بازاڕی ئاژەڵان جموجۆڵێكی زۆری هەیە هاووڵاتییان دێن بۆ كڕینی ئاژەڵ بۆ ڕۆژانی جەژن بەمەبەستی قوربانی.
لەبارەی گرانبوونی نرخەكان گوتی، نرخی ئاژەڵی گەورە بۆ هەر كیلۆیەك 100 بۆ 200 دینار گران بووە، بەڵام ئاژەڵی بچووك نرخەكەی زۆر گران بووە هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هاووڵاتییان زیاتر ئاژەڵی بچووك دەكڕن.
ئاماژەی دا، ئاژەڵی بچووك وەك بەران پێشتر كیلۆی بە دوو هەزار و 750 دینار بوو، ئێستە سێ هەزار و 500 دیناری تێپەڕاندووە و كڕینیش هەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەڵام لای گۆشتفرۆشەكان نرخی هەروەك خۆیەتی گران نەبووە، چونكە ئەوان پێشتر ئاژەڵی خۆیان كڕیوە.
"وشە" بۆ هۆكاری زیادبوون و چاودێری نرخ پێوەندی بە قایمقامی هەولێر كرد، بەڵام ژمارەكەیان داخرابوو.
ساڵانە لە نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان هاووڵاتییان ئاژەڵ دەكڕن بەمەبەستی قوربانی.