رێیەكی ئاسان بۆ بریقەداركردنی قژ

:: AM:11:08:19/08/2018 ‌
ئەگەر بتەوێت قژت بریقەی زیاتر بێت نەرمكەرەوە بەكاربهێنە، بەڵام ئەو نەرمكەرەوە و كرێمانە نا كە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە قژ و پێستی سەر، زۆر ڕێ هەیە بۆ بریقەداركردنەوەی قژ بەشێوەیەكی سروشتی باشترین نەرمكەرەوە بۆ بەكارهێنانی قژ خەلی سپیە كە بەشێوەیەكی سروشتی یارمەتی بریقەداركردن و نەرمكردنەوەی قژ دەدات. بەكارهێنانی خەلی سپی بۆ قژ  بریسكەیەكی سروشتی دەدات بە قژ و قژ نەرم دەكاتەوە، لە بەكارهێنانی پێكهاتەی كیمیایی بە دوورت دەخاتەوە.

خەلی سپی پێكهاتەیەكی گرنگە و ڕێ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس دەگرێت و بۆ پاككردنەوەی زۆر پێداویستی و میوە گرنگە و دەتوانرێ بۆ لەناوبردنی كرێشی قژیش بەكاربهێنرێت و پێستی سەر لە وشكبوونەوەی زیاد لە پێویست دەپارێزێت و چەندان گرفتی پێستی سەر چارەسەر دەكات وەكو برین و قژ هەڵوەرین.

لە دەفرێكی بچووكدا كوپێك خەلی سپی تێكەڵ بكە لەگەڵ سێ كوپ ئاو، ئەو گیراوەیە بكە ناو ئەو ئاوەی بۆ شۆردنی قژت بەكاری دەهێنیت، بەمشێوەیە یارمەتی بریقەداركردنەوەی قژ دەدات و پێستی سەر دەپارێزێت دوای بەكارهێنانی خەلی سپی بۆ پێستی سەرت بە شامپۆ بیشۆ، دواتر  بەئاو پێستی سەرت لەهەموو شامپۆكە پاك بكەرەوە، بۆ ئەوەی زیانی مادەی كیمیایی و وشكی قژ كەم ببێتەوە.

دەتوانرێت ئەم گیراوەیە هەفتەی جارێك یان دووجار بەكاربهێنرێت بۆ بریسكەداركردنەوەی قژ دەكرێ لە بری بەكارهێنانی خەلی سپی خەلی سركەی سێو بەكاربهێنرێت كە هەمان سوودی هەیە بۆ قژ.


وشە - ئاوات ئازاد