ڕۆژنامه‌ى ئیندپێندنتى به‌ریتانى پێشبینى ئه‌وه ده‌كات، دواى كۆتاهاتنى جه‌نگى حووسییه‌كان، جه‌نگێكى تر له باشوورى یه‌مه‌ن هه‌ڵبگیرسێت و به‌هۆى ئه‌و جه‌نگه‌ش ئیمارات و سعوودیه له دژى یه‌كتر ده‌وه‌ستنه‌وه.
بیل تری‌و نووسه‌رى ڕۆژنامه‌ى ئیندپێندنتى به‌ریتانى، راپۆرتێكى درێژى له سه‌ر جه‌نگه‌كانى یه‌مه‌ن بڵاو كردووه‌ته‌وه، پێگه‌ى
" بغداد الیوم" به‌شێكى لێ بڵاو كردووه‌ته‌وه كه تێیدا نووسه‌ره‌كه پێشبینى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگێكى تر ده‌كات له باشوورى یه‌مه‌ن.
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێك له بنكه سه‌ربازییه‌كانى ئیمارات له باشوورى یه‌مه‌ن ماوه‌ته‌وه، سه‌ره‌تاى شرۆڤه‌كردن و پێشبینییه‌كانى به نوكته‌یه‌كى یهمهنییهكانى باشوور ده‌ست پێ ده‌كات.
ده‌ڵێ "له ناو یهمهنییهكانى باشوور نوكته‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێن هه‌ر چوار ساڵ جارێك جه‌نگێك له باشوور هه‌ڵده‌گیرسێ، ئه‌وه‌تا ئه‌وان خۆیان بۆ جه‌نگێكى تر ئاماده ده‌كه‌ن".
نزیكه‌ى سێ ساڵه هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى ده‌ستى به‌جه‌نگى دژ به حووسییه‌كان كردووه، ڕۆژنامه‌نووسه به‌ریتانییه‌كه ده‌ڵێ، "ئه‌و سێ ساڵه ته‌واوى باكورى یه‌مه‌ن وێران بووه، ئه‌وه‌ى له‌م جه‌نگه‌دا براوه‌ى یه‌كه‌م بێت، باشوورییهكانى ئه‌م وڵاته‌ن".
ئه‌وان رقیان له باكور ده‌بێته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌وان له‌گه‌ڵ باكور چه‌ندان ساڵ یه‌كگرتوو بوون، به‌ڵام ئێسته باكورییه‌كان به "داگیركه‌ر" وه‌سف ده‌كه‌ن، ئیماراتیش به‌ته‌واوى كۆمه‌كیان ده‌كات، بۆیه له‌مه‌ودوا به‌ر له هه‌موو شتێك یه‌كگرتنه‌وه‌ى یه‌مه‌ن ده‌بێته خه‌ونێك كه هه‌رگیز به‌دى نایه‌ت.
رقى باشوورییه‌كان و پاڵپشتى ئیمارات بۆ ئه‌وان وا ده‌كات دواى جه‌نگى حووسییه‌كانیش ئه‌وان خۆیان بۆ جه‌نگێك ئاماده بكه‌ن، ڕۆژنامه‌نووسه‌كه ده‌ڵێ چه‌ندان رۆژ له بنكه‌كانى ئیمارات مامه‌وه له باشوورى یه‌مه‌ن، یه‌ك ئه‌فسه‌رى سعوودیم نه‌بینى، ئیمارات ته‌واوى ژێرخانى سه‌ربازى له باشوورى یه‌مه‌ن پێكهێناوه".
ڕۆژنامه‌نووسه‌كه دووپاتى ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، كه هه‌رچه‌نده ئیمارات به‌ڕووكه‌ش داكۆكى له یه‌كگرتوویى یه‌مه‌ن ده‌كات، به‌ڵام ره‌فتاره سیاسی و سه‌ربازییه‌كانى ئه‌وه ده‌رناخات، بۆیه پێشبینى جه‌نگێكى تر ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێ "هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگێك ئاماده‌یه".
كاتێك سعوودیه ڕێبه‌رایه‌تى هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى ده‌كات و پاڵپشتى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى عه‌بد ره‌به مه‌نسووڕ هادى ده‌كات، كه‌چى ئه‌و پیاوه پێوه‌ندییه‌كى پته‌وى له‌گه‌ڵ ئیمارات نییه، ڕۆژنامه‌نووسه‌كه گوتوویه‌تى "گرژى پێوه‌ندییه‌كان هادى و ئیمارات بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرایه".
ده‌ڵێ "ئێسته ته‌واوى كه‌ناره‌كانى باشوورى یه‌مه‌ن و شوێنه ستراتیجییه‌كانى ئه‌م ناوچه‌یه به‌ده‌ست ئیماراته‌وه‌یه".