سەرەداوی كوشتنی هاشمی رەفسنجانی دۆزرایەوە

:: AM:11:44:19/08/2018 ‌

دوای ساڵ و نیوێك لە مردنی هاشمی رەفسنجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، كە گومان دەكرا لە لایەن گرووپێكی دیاریكراوەوە خنكێنرابێت، سەرەداوی تاوانەكە لە گرنگترین قوتابخانەی ئاینی ئێران لە قوم دۆزرایەوە و تەنانەت جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانی هێنایە دەنگ.

عەلی موتەهەری جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رەخنەی توند لە یەكێك لەو دروشمانە دەگرێت كە گردبووونەوەیەكی قوتابییانی قوتابخانەی ئاینی قوم بەرز كراوەتەوە و دروشمەكە دەرخەری ئەو راستییەیە كە هاشمی رەفسنجانی لە ناو مەلەوانگەی شوێنی كارەكەیدا خنكێنراوە. بەگوێرەی "روزێ نۆڤ" دروشمەكە بووەتە جێگی نیگەرانی قوتابخانە ئاینییەكە خۆی.

دروشمەكە هۆنراوەیەكە لە دژی حەسەن رووحانی و نووسراوە "ئێی ئانكێ مۆزاكێرێ شۆعارەت  ئێستەخرێ فەرەح دەر ئێنتێزارەت" واتای ئەم دروشمە ئەوەیە ئەی ئەو كەسەی بە تەمای دانوستان بكەی كە مەبەستی لە دانوستان لەگەڵ ئەمەریكایە، دەبێت چاوەڕوانی مەلەوانگەكەش بكەی كە مەبەستی ئەو مەلەوانگەیەیە گومانی ئەوە دەكرێ هاشمی رەفسنجانی تێدا خنكێنرابێت. دروشمەكە تەنیا بەدەستەوەدانی سەرەداوی كوشتنی رەفسنجانی نییە، بەڵكو هەڕەشەشە لە حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران كە دەبێت گوێڕایەكی باڵی توندئاژۆ بێت، ئەگەر نا ئەویش لە ناو دەبەن. دروشمەكە ئەو راستییەش دەسەلمێنێت ئەو مەلەوانگەیەی رەفسنجانی مەلەی تێدا كردووە، هی فەرەحی شاژنی ئێران بووە كە دوای رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی كۆشكەكان بۆ دامەزراوە حكوومییەكان بەكار هاتوون.

ئەوانەی ئەو دروشمەیان بەرز كردووەتەوە لە باڵی توندئاژۆن و هەر جۆرە دانوستانێك لەگەڵ ئەمەریكا رەت دەكەنەوە و گوشارێكی زۆریان خستووەتە سەر حكوومەتی حەسەن رووحانی بە هیچ شێوەیەك باس لە دانوستان نەكات.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پێی وایە لە گرنگترین قوتابخانەی ئاینی ئێران كە زۆرترین رێبەرانی ئێران تیایدا پێگەیشتوون، ناكرێ دروشمی لەم شێوەیە بەرز بكرێتەوە و ببن بە ئامرازی گرووپێكی دیاریكراو. ئەو ددانی بەوە نا كە خەڵك مافیان هەیە گومانیان لە كوشتنی هاشمی رەفسنجانی هەبێت چونكە خۆی ئەو دروشمە سەرەداوێكە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت هاشمی رەفسنجانی بە مردنی خۆی نەمردووە

عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نۆیەمی كانوونی دووەمی ساڵی 2017 لە كۆشكێكی سەر بە ئەنجوومەنەكە خەریكی مەلەكردن بوو كە لە ناكاو دڵی دەوەستێت و تا دەگاتە نەخۆشخانە كۆچی دوایی دەكات.

ئەوكات غولامعەلی رەجایی راوێژكاری هاشمی رەفسنجانی ئاشكرای كرد، ئەو شەوەی هاشمی رەفسنجانی كۆچی دوایی كرد، چەند كەسێك دەچنە نووسینگەی هاشمی رەفسنجانی و بەشێك لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی رەفسنجانی لەگەڵ خۆیاندا دەبەن كە لە قاسەی نووسینگەكەی هەڵیگرتبوون.

ئەو بەڵگەنامانەی هەڵگیرابوون زۆر گرینگ بوون و هەموو ئەو دۆسیە و بەڵگانەی پێوەندیدار بوون بە خۆپێشاندانەكانی ساڵی ٢٠٠٩ لە شوێنی خۆیان نەماون و چەند كەسەكە ئەو شەوە بردوویانن.

رەجایی گوتبووی كلیلی قاسەكە هەموو كات لە گیرفانی هاشمی رەفسنجانی بووە. ساڵی رابردووش فائیزە هاشمی رەفسنجانی یەكێك لە كچەكانی رەفسنجانی گوتبووی لە كۆبوونەوەیەكدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەشدار بوون، باس لەوە كراوە لە لەشی هاشمی رەفسنجانی 10 هێندەی حاڵەتی ئاسایی مادەی "رادیۆئەكتیڤ" دۆزراوەتەوە. 

فاتیمە هاشمی یەكێكی تر لە كچانی هاشمی رەفسنجانیش گوتبووی لە دوای مردنی هاشمی رەفسنجانی چەند كەسێك چوونەتە نووسینگەی هاشمی رەفسنجانی و لە قاسەكەی كۆمەڵێك بەڵگەیان دزیوە. ئەو دەڵێت باوكی شتێكی زۆر گرنگی لە قاسەكەیدا حەشار دابوو. هەروەها دەڵێت دووەم وەسیەتنامەی هاشمی رەفسنجانیش لە شوێنی خۆی نەماوە.

رێك هەفتەیەك بەر لەوەی بمرێت، هاشمی رەفسنجانی داوای كردبوو دەستووری ئێران بگۆڕێت. ئەو لە چلەی ماتەمینی مووسەوی ئەردەبیلی كە یەكێك بوو لە مەرجەعیەتی شیعەی ئێران و داڕێژەرانی دەستووری ئەو وڵاتە، باسی لە گۆڕینی دەستوور كرد و گوتی بۆ كاتی خۆی دەستووری ئێران باش بوو، بەڵام دەستووریش دەبێت گۆڕانكاری بەسەر بێت. وەك دەستووری وڵاتانی دنیا دێنە گۆڕین، ئێرانیش دەبێت دەستوورەكەی بگۆڕێت.

جێی باسە دەستووری ئێران دوای ئەوەی لە دەستپێكی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران پەسند كرا، دوای 13 ساڵ جارێك هەموار كراوەتەوە. بۆ نموونە مەرجی ئەوە لابرا رێبەر هەر دەبێت مەرجەع بێت، هەروەها ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران وەك دامەزراوەیەك خرایە ناو دەستوورەوە.

هاشمی رەفسنجانی سندووقی نهێنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو و رۆڵێكی زۆر باڵا و گرنگی لە چوار دەیە دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە بینی. 

ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە هاشمی رەفسنجانی ئاگاداری هەموو نهێنییەكانی ئێران بووە و كەس بە ئاشكرا نەیوێراوە بەرامبەری بوەستێت و رەنگە ویستبێتی هەندێك هەنگاوی سیاسی تر بنێت كە باڵێكی تری ئێران بەدڵی نەبووە، بۆیە بۆ پاراستنی خۆیان تیرۆریان كردووە.

ئەم رۆژانە كە ئێران لە تەنگژەیەكی قووڵی ئابووریدایە و سزای ئەمەریكا لە دژی رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت، هەڵدانەوەی دۆسیەی مردنی هاشمی رەفسنجانی دەتوانێت تەنگژەیەكی نوێی سیاسی بێت بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران.





وشە - سلێمان تاشان