تمەن و لیرە داتەپیون و نرخی كاڵای توركی و ئێرانی لە كوردستان وەك خۆیەتی

:: PM:12:25:19/08/2018 ‌
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەبەر ئەوەی بازرگانان بە دۆلار كاڵا و خواردەمەنی لە ئێران و توركیا دەكڕن، بۆیە سەرەڕای داتەپینی بەهای دراوی توركی و ئێرانی، كاڵاكان بەهەمان نرخی خۆیانن و دانەبەزیون.

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕاستە پارەی توركی و ئێرانی بەهاكەی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی زۆر دابەزیوە، بەڵام هیچ گۆڕانكاری لەسەر بازاڕ و نرخی كەلوپەلەكان دانەناوە، هۆكاری ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بازاڕەكانی ئەم دوو وڵاتە مامەڵە بە دۆلار دەكەن.

ئاماژەی دا، بازرگانانی ئێمە بە دۆلار كاڵاكان لەو دوو وڵاتە دەكڕن، بۆیە نرخەكە بە دۆلار وەك خۆی ڕادەوەستێ، چونكە دۆلار بەهای دانەبەزیوە، بەڵكو بەرز بووەتەوە لەو دوو وڵاتە. 

زیاتر گوتی، ئەو دوو وڵاتە كڕین و فرۆشتنی كاڵاكان لە ناوخۆی وڵاتەكانیان بە پارەی خۆیان دەكەن، بەڵام بۆ دەرەوەی سنوورەكانیان بە دۆلار مامەڵە دەكەن، بەوهۆیەوە هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخ دروست نابێ، ئێمە بەدواداچوونمان كردووە و زیاتریش لەو بابەتە دەكۆڵینەوە.

بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران و توركیا بەهای تمەنی ئێرانی و لیرەی توركی بە تەواوی دابەزیوە و خەڵكیش دەپرسن كە نرخی دراوی ئەو دوو وڵاتە هێندە كەم بووەتەوە، بۆچی كاڵای توركی و ئێرانی لە كوردستان بە نرخی جارانن و دانەبەزیون، بەڵام هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەوان بە دۆلار كاڵاكان بە ئێمە دەفرۆشنەوە.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د