بەرپرسی كارەبای سلێمانی ئاشكرای كرد، بەهۆی پێنەدانی بڕی پارەی كرێی كارەبا لەلایەن كۆمپانیای چاڤی لاند، هێڵی كارەبا لەسەر ئەو پرۆژەیە پچڕێنرا.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئاب، سالار حیسامەدین بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بڕینی كارەبای پڕۆژە گەشتیاری چاڤی لاند بەپێی بڕیاری ئێمە بووە و ئەوەش بەهۆی نەدانی كرێی كارەباوە بووە.
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی گوتی، چاڤی لاند چەند جارێك ئاگەدار كراوەتەوە، بەڵام ئەوان پێیەوە پاپەند نەبوون، بۆیە لە 26ی تەمووز كارەباكەمان بڕیون و پێویستیشە قەرزەكانیان بدەنەوە، هەروەها لە سەرەتای مانگی داهاتوو پێوەری زیرەك دەبەسترێت.
ئاماژەی دا، لە دادگاش سكاڵامان تۆمار كردووە پێویستە ئەو پارەیەی لەسەریانە وەك قەرز بیدەنەوە و ڕێكاری یاسایی بەرانبەریان دەگیرێتەبەر و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەكەین، هەروەها ڕێ نادەین هیچ كۆمپانیا و شوێنی بازرگانی قەرزی لا بمێنێت زیاتر لە سێ مانگ، شوێن هەیە قەرزارە، بەڵام لە چەند مانگ جارێك بەشێك لە قەرزەكانیان دەدەنەوە.
پڕۆژەی چاڤی لاند لەلایەن شاسوار عەبدلواحید خاوەنداریەتی دەكرێت و پارەی بەشێكی زۆری خاوەن پشكەكان لایە و چەندان جار داوایان كردووە پارەكەیان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام ئامادە نییە.