بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل هەناردەی نەوتی ئێران كەم دەبێتەوە

:: PM:02:23:19/08/2018 ‌

لە ئەگەری درێژەنەدان بە كڕینی نەوت لە لایەن كۆمپانیاكانی هەریەك لە وڵاتانی  ئەوروپا، ئیمارات، ژاپۆن و كۆریای باشوور و دابەزینی هاوردەكردنی نەوتی هیند بۆ نیوە، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا هەناردەی نەوتی ئێران ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل لە هەر رۆژێكدا كەم دەبێتەوە.

ئەوانەی نەوتیان لە ئێران كڕیوە و گرێبەستیان هەیە تا پێنجی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێ دراوە گرێبەستەكان كۆتایی پێ بهێنن و چیتر نەوت لە ئێران نەكڕن.

راستە زۆر لە حكوومەتەكانی ئەوروپا حەز بە درێژەدان بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێراندا دەكەن، بەڵام ئەوەی بڕیاری كۆتایی دەدات كۆمپانیاكانیانە نەك حكوومەتەكان و ئەو كۆمپانیایانەش بەرژەوەندیی قووڵیان لەگەڵ ئەمەریكادا هەیە و سیستەمی گواستنەوەی دراو و تەنانەت دڵنیاییشیان بە ئەمەریكا گرێ دراوە و ناتوانن بە قسەی ئەمەریكا نەكەن.

هێشتا سزاكانی سەر نەوت دەستیان پێ نەكردووە كە مانگی تەمووزی رابردوو رۆژانە 430 هەزار بەرمیل لە هەناردەی نەوتی ئێران دابەزی.

 بەگوێرەی "ئافتاب" تۆتال چیتر نەوت لە ئێران ناكرێت و كۆمپانیاكانی تری ئەوروپاش هەمان هەنگاو دەگرنەبەر و كڕینی نەوت لەم وڵاتە دەوەستێنن. لە دوو مانگی رابردوودا ئەوروپا كڕینی نەوت لە ئێرانی بە رێژەی 41% كەم كردووەتەوە و ئەمەش نیشانی دەدات تا دەستپێكردنی سزاكە لە مانگی تشرینی دووەم رێژەی كڕین نەوت لە لایەن ئەوروپا بۆ سفر دادەبەزێت.

تەنانەت وڵاتێكی وەك توركیاش كە بە فەرمی گوتوویەتی سزاكە جێبەجێ ناكات، كۆمپانیایان دەستەوەستاون، هەر ئەم ماوەیە تۆپراس كڕینی نەوت لەو وڵاتەی بە رێژەی 45% دابەزاندووە.

 ژاپۆنیش چیتر نەوت لە ئێران ناكڕێت. پێ ناچێت چین كڕینی نەوت لە ئێران كەم بكاتەوە و هیندیش بە تەمایە بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا رێی پێ بدرێت لە كڕینی نیوەی ئەو نەوتەی جاران دەیكڕی بەردەوام بێت.





وشە - سلێمان تاشان