راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی رووسیا لە دوایین دیداریان باسیان لە راكیشان و پەرەپێدانی هێڵی گاز كردووە و ئەمەریكاش بەم پڕۆژەیە رازی نییە و بۆ جاری دووەم سزا دەخاتە سەر پڕۆژەكە.
ئەو پڕۆژەیە بە نۆرد ستریم دوو ناسراوە و گاز لە رووسیاوە دەگەیەنێتە ئەڵمانیا. مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە هۆشداری دابووە ئەڵمانیا.
ئەو پڕۆژەیە بە هاوبەشی لە نێوان ئەڵمانیا، فڕەنسا و رووسیا جێبەجێ دەكرێت كە لە دەریای بەلتیكەوە تێدەپەڕێت و دواجار دەگاتە ئەڵمانیا.
بەگوێرەی "
مێهرنیوز" ئەو هێڵە نوێیەی گاز ئەگەر جێبەجێ بكرێت، ئەوا ساڵانە 55 ملیار مەتر سێجا گاز دەگەیەنێتە ئەڵمانیا. بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆ پڕۆژەكە دانراوە، دەبێت لە كۆتایی ساڵی 2019 پڕۆژەكە تەواو بكرێت.
زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ دابینكردنی گازیان پشت بە رووسیا دەبەستن. لە ئەوروپا گاز جگە لە گەرمكردنەوەی ماڵەكان بۆ بواری پیشەسازی و بەرهەمهێنانی وزەی كارەباش سوودی لێ وەردەگیرێت.
ئەلتەرناتیڤی ئەوروپا بۆ گازی رووسیا، توركیایە كە گازی ئازەربایجان و ئێران و كوردستانی بۆ بگوازێتەوە، بەڵام هێشتا ئەو پڕۆژانە تەواو نەكراون.