سەرۆك بارزانی و سەركردەكانی سوننە پێكهێنانی حكوومەتیان تاوتوێ كرد

:: PM:03:45:19/08/2018 ‌
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی عێراق كرد و هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە گرەنتی و میكانیزمی ڕوون بۆ پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان دابنرێت بە جۆرێك كە ڕێ لە تاكڕۆیی لە بەڕێوەبردنی وڵات و پەراوێزخستنی پێكهاتەكان بگیرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئاب/ ئۆگستس، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی عێراق بە سەرۆكایەتی شێخ خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیيه‌كه‌ كرد.

لە دیدارێكدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و هەڵەكانی ڕابردوو ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوە هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە گرەنتی و میكانیزمی ڕوون بۆ پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان دابنرێت بە جۆرێك كە ڕێ لە تاكڕۆیی لە بەڕێوەبردنی وڵات و پەراوێزخستنی پێكهاتەكان بگیرێت.

كۆبوونەوەكە دووپاتی لە هاوئاهەنگی و پێوەندیی بەردەوامی هەردوولا كردەوە بۆ بەشداریی كارا لە پرۆسەی سیاسی و جێبەجێكردن و ڕەچاوكردنی ئەو بنەمایانەی كە لە خزمەت هاوبەشی هەموو پێكهاتەكان بێت لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم