خۆپێشاندانی پارێزگاكانی باشووری عێراق پێی ناوەتە مانگی سێیەمی و حكوومەتی عێراقیش هێشتا هیچ بەڵێن و بڕیارێكی جێبەجێ نەكردووە كە بە خۆپێشاندەرانی دابوو، ئەمەش وایكردووە ئەوان پێداگیرتر ببن و بەڵێنی بەردەوام بوون بدەن تەنانەت لە ڕۆژانی جەژنیش دێنە سەر شەقامەكان، ناڕەزایییەكان بە كۆتا ناهێنن تا ئامانجەكانیان نەیەتەدی.
غەسان مەحموود یەكێك لە چالاكوانانی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە دەڵێ گردبوونەوە و مانگرتن لەبەردەم بینای پارێزگای بەسڕە بەردەوامی دەبێت و خۆپێشاندەرانیش پێداگرن لەسەر داواكارییەكان، بەهۆی ئەوەی حكوومەت متمانەی لە دەستداوە و بەڵێنەكانی داویەتی جێبەجێیان ناكات.
غەسان قسەی بۆ "
عەرەبی جەدید" كردووە، روونی دەكاتەوە وەك ئەنجوومەنی خۆپێشاندەران لە بەسڕە بڕیاردراوە لە رۆژانی جەژنیش بەردەوامی بە خۆپێشاندان بدەین تا ئەو كاتەی "حكوومەت بەڵێنەكانی دەباتەسەر".
بەردەوامی خۆپێشاندان لە بەسڕە كە لە هەشتی تەمووز/یۆلیۆی رابردوو هەر لەو شارە دەستی پێكرد، لە كاتێكدایە خۆپێشاندانەكان جگە لە پارێزگاكانی باشوور ئەوا لە بەغداش بەردەوامی هەیە، تەنانەت گەنجانی بەسڕەی دەرچووانی زانكۆكان لە بەغدا درێژە بە خۆپێشاندان دەدەن لەسەر خراپی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری و گەندەڵی، ئەمەش وایكرد لەلایەن هێزە تەناهییەكانی عێراقی بە توندی رووبەڕوویان ببنەوە كە بووە هۆی كوژران و برینداربوونی سەتان هاووڵاتی عێراقی كە مناڵیشیان لەنێو دایە.
مەحموود یەكێكی ترە لە خۆپێشاندەرانی بەسڕە، ئاماژەی بەوەدا كە سەتان گەنجی دەرچووی زانكۆكان لە نزیك كێڵگەی قوڕنە یەك و قوڕنە دووی نەوتی لە بەسڕە، گردبوونەتەوە و داوای نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن.
ئاماژەی دا،"تەنانەت پیاو ماقوڵانی عەشیرەتەكانیش بەشداریان كردووە دوای ئەوەی لەگەڵ نوێنەرانی خۆپێشاندەران كۆ بوونەوە".
زیاتر روونی كردەوە، نوێنەرانی عەشیرەتی حارس سەلمی كە یەكەم خۆپێشاندەر بوو لەلایەن پۆلیسی پاسەوانی كێڵگە نەوتییەكان كوژرا، بەڵێنی بەردەوام بوونیان بە خۆپێشاندان داوە دژ بە حكوومەت، ئەوان ئامادەن دەست لەناو دەست بن لەگەڵ خۆپێشاندەران بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە تەناهییەكان كە هەڵدەكوتنە سەر خۆپێشاندەران.
بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەكان لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو هێزە تەناهییەكان هەڵیان كوتایە سەر خۆپێشاندەران و ژمارەیەكیان لێ گرتن، لەم نێوەندەدا گەنجێك بەناوی حارس سەلمی بەهۆی لێدان لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیانی لە دەستدا.
هاوكات لە شارۆكەی شەتڕەی پارێزگای زیقاڕ، ماوەی 10 رۆژە بە شەو و رۆژ خۆپێشاندان بەردەوامی هەیە، ئەوان بەرانبەر بە ئەنجوومەنی شارەوانی گردبوونەتەوە و دروشمی رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانی دەرچووی زانكۆكان بەرز كردووەتەوە و دەڵێن بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندان و گردبوونەوە، تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان دێنە دی.
لە پارێزگای موسەننایش، هێشتا خۆپێشاندان بەردەوامی هەیە لە گۆڕەپانی بەردەم پارێزگاكە و گۆڕەپانی بۆنەكانی شارەكە.
خۆپێشاندەران دروشمی نا پیشەیی بوون دژ بە هێزە تەناهییەكان بەرز دەكەنەوە و جەخت لەوە دەكەنەوە كە گوشارە تەناهی و سیاسییەكان چۆكیان پێدا نادات كە دژیان ئەنجام دەدرێت.
رەحیم عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی خۆپێشاندانەكانی موسەننا دەڵێ هێزە تەناهییەكان هەوڵدەدەن لە ژێر گوشار كۆتایی بە مانگرتووان بهێنن، بەتایبەت تا جەژن ئەو مانگرتنە نەمێنێت، گوتی "بەڵام خۆپێشاندەران رێككەوتوون كە چۆك دانەدەن و لە رۆژانی جەژنیش درێژە بە خۆپێشاندان و مانگرتن بدەن، ئێمە سازش لەسەر مافەكانی خۆمان ناكەین ئەگەر گوشارەكان هەرچەند بەهێز بێت".
بەپێی راپۆرتێكی هیومان رایتس وۆچ كە مانگی رابردوو دەرچووە، دەڵێت هێزە تەناهییەكانی عێراقی هەموو جۆرە چەكێكیان دژ بەو خۆپێشاندەرانە بەكارهێناوە كە داوای خزمەتگوزاری سەرەتایی و رەخساندنی هەلی كار دەكەن.
هیومان رایتس وۆچ داوا لە هێزە عێراقییەكان دەكات كە بەپێی بنەما سەرەكییەكانی مافەكانی مرۆڤ كە نەتەوە یەكگرتووەكان دایڕشتووە مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندەران بكەن و خۆیان لە بەكارهێنانی چەك دوور بخەنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی "
عەرەب" پێشبینی دەكرێت خۆپێشاندانەكان فراوانتر و گەورەتر ببن بەتایبەت دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی چەند رۆژێكە ئاستی خۆپێشاندانەكان دابەزینی بەخۆیەوە دیوە دوای ئەوەی زۆر بەتوندی لە بەسڕە دەستی پێكرد و پەڕیەوە بۆ پارێزگاكانی تری باشوور و پاشان بەغدای پایتەخت.
پێشبینی فراوانتر بوونی خۆپێشاندانەكان لەو كاتەدا زیاتر بووە كە ئەوانەی سەرقاڵی پێكهێنانی حكوومەتی نوێن ئەوانەن كە خۆپێشاندەران داوا دەكەن بدرێنە دادگا بە تۆمەتی گەندەڵی، بە تایبەتی نوری مالیكی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.
شارەزایان و لێكۆڵەران و دیپلۆماتەكان و رۆژنامەنووسان و كەسانی ئەكادیمی كە قسەیان بۆ "عەرەب" كردووە، هەموویان كۆكن لەسەر فراوانتر بوونی خۆپێشاندانەكان لە كاتی راگەیاندنی حكوومەتی نوێی عێراق بەتایبەت لەلایەن ئەوانەی كە خۆپێشاندەران بە هۆكاری تێكچوونی بارودۆخی عێراقی دەزانن.
موحسین جەواد نووسەرێكی عێراقییە پێی وایە جارێكی تر خەڵك دێنە سەر شەقامەكان، بەڵام بەهێزێكی زیاترەوە دوای ئەوەی هەمان ئەو دەموچاوانەی 15 ساڵە حوكمی وڵات دەكەن و هۆكاری گەندەڵی و خراپی دۆخی ئابووری وڵاتن، حكوومەتی نوێ پێكدەهێننەوە.
ماجید مەكی ئەندامی ئەمینداریەتی گشتی كۆنگرەی جەماوەری عەرەبی، دەڵێ ئاستی توڕەیی لە هەموو پارێزگاكانی عێراق وەك یەك وایە، ئەمەش هۆكاری سەرهەڵدانی خۆپێشاندانێكی سەرتاسەری بووە و داواكارییەكانیشیان زۆر لە جێگەی خۆیەتی، گوتی "ئەوەی ئێستە هەیە چاوەرێی ئەوە دەكرێت ئەو جەماوەرە توڕەیە دەتوانێت جارێكی تر خۆی رێك بخاتەوە و خۆپێشاندانێكی سەرتاسەری ئەنجام بدات، پێدەچێ دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ئەوە ببینین".
موئیەد ئەلوەنداوی ئەكادیمی و لێكۆڵەر دەڵێ چاوەرێ دەكرێت خۆپێشاندانەكان بۆ چەند مانگی داهاتووش بە سەركردایەتی ئەو گەنجانە بەردەوامی هەبێت كە هیچ داهاتوویەكیان لەم دۆخە گەندەڵییەی عێراق نییە.
روونی كردەوە توێژی گەنجان سەكردایەتی خۆپێشاندانەكان دەكەن و بەشداریكردنی قوتابیانی زانكۆكانیش جولانەوەكەی فروانتر و زیندووتر كردووە، بۆیە "ئاسان نییە بوەستێنرێت".
لای خۆیەوە سەباح یاسین باڵیۆزی پێشووتری عێراق لە ئوردن دەڵێ بەردەوامبوونی خۆپێشاندان لە سەماوە و بەسڕە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو دوو شارە لە هەموو شارەكانی تری عێراق زیاتر زیانی كردووە لە رووی ئابوورییەوە، گوتی "ئەوەی وایكردووە خۆپێشاندانەكان بەردەوامیان هەبێت".
هاوكات سەیفەدین ئالووسی پزیشك و چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی پێی وایە دەستپێكردنی خۆپێشاندان لە باشووری عێراق پەرچە كردار بووە لە دەستوەردانی ئێران لە گوزەرانی خەڵكی ئەو ناوچەیە لە دەرئەنجامی حوكمی حزبە تایفییەكانی دەسەڵاتداری سەر بە ئێران لەو شارانە.
ئالووسی دەڵێ بەم دواییانەی خۆپێشاندەران تەواو بێ هیوا ببوون بەهۆی توندوتیژی هێزە تەناهییەكانی حكوومەت و میلیشیاكان كە بە هەموو چەكێك رووبەڕوویان بوونەوە، بەتایبەت لە نەجەف و كەربەلا و كوت، كە یەكێك لە هۆكارەكانی نەبوونی سەركردایەتییەكی نەتەوەیی بوو بۆ خۆپێشاندانەكان.
هاوكات رەخنەی ئەوەش لە خۆپێشاندانەكانی بەغدا دەگرێت كە زیاتر چەپەكان سەرپەرشتی دەكەن، پێی وایە زیاتر بۆ جوانكاریی و نمایشە.