ئەشواق بۆ "وشە": ناگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا

:: PM:05:12:19/08/2018 ‌
ئەشواق حاجی ئەو كچە ئێزدییەیە كە بەهۆی بینینی ئەمیرێكی داعش لە وڵاتی ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە كوردستان و دەڵێت، ئەو كاتەی لەلایەن داعشەوە گیرابوو لەلایەن ئەو ئەمیرەوە چەندان جار كڕین و فرۆشتنی پێكرابوو.

ئەشواق لە سێی ئابی ساڵی 2014 كەوتبووە دەستی داعش، لە لایەن ئەو ڕیكخراوە تیرۆریستییەوە كڕین فرۆشتنیا پێ كرا و دواتر ڕزگاركران. ئەشواق ئێستە دوای گەیشتنی بە ئەڵمانیا لە ترسی ئەمیرەكەی داعش گەڕاوەتەوە كوردستان و بۆ ''وشە'' گوتی، ئەو داعشەی كڕین و فرۆشتنی پێدەكرد لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە و لە شاری هامبۆرگ هاتە بەرانبەرم و دواتر سكاڵام لەسەر تۆمار كرد لە حكوومەت، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەبوو .

زیاتر گوتی، ئەڵمانیا زۆر هاوكاری كچانی ئێزدی دەكرد، بەڵام لەسەر ئەو كەیسە وەڵامییان نەبوو، بۆیە ناتوانم جارێكی تر بگەرێمەوە ئەڵمانیا، چونكە ئەو داعشانە هەڕەشەن بۆ سەر ئێزدییان لە ئەوروپا و ئێستە ژیانی خۆم لە كەمپی "ئێسییان" سەر بە شارۆكەی شێخان بەسەر دەبەم.

ئەشواق لە چوارچێوەی ئەو پڕۆتۆكۆلەی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرابوو بۆ چارەسەری رزگاربووەكانی دەستی داعش چووبووە ئەڵمانیا، بەڵام لەوێش لەبەر هزر توندڕەوی گەڕاوتەوە كوردستان.

حاجی شنگالی باوكی ئەشواقە و بۆ "وشە" گوتی، " نازانین كەی ئێمە رزگار دەبین لەم هزرە تیرۆریە پێویستە وڵاتانی زلهێز هەوڵی ڕژد بخەنەگەر بۆ نەمانی ئەم هزرە سەرەتا لە وڵاتەكانیان و دواتر لە تەواوی دنیا، چونكە كچەكانمان لە ئەوروپایش هەڕەشەیان لەسەرە.

هاوكات لەبارەی ئەو كەیسە فراوك كۆیلەر گوتەبێژی دادگای گشتی ئەڵمانیا رای گەیاند، ئەوان پێشتر زانیاریان لەسەر ئەشواق وەرگرتبوو، بەڵام زانیاری باش لەبەردەستیان نەبووە و داوا دەكەن ئەشواق بگەڕیتەوە ئەڵمانیا.

كەیسی ئەشواق حاجی ئەوە دەسەلمێنێت كە تا ئێستەیش كوردستان بۆ ئیزدییەكان لە ئەڵمانیا و زۆرێكی تر لە وڵاتان ئارامترە و پێشتر لەلایەن بەرپرسانی كوردستان دووپات لەسەر پاراستنی ئیزدییەكان كراوەتەوە.
 
شنگال/ كاروان بـــاعەدری





وشە - سه‌رخێڵ هاشم