حەشد هێزێكی تایبەت بە ڕفاندنی خەڵك دروست دەكات

:: PM:06:34:19/08/2018 ‌
بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین ئاشكرای كرد، حەشدی شەعبی لە سنووری خانەقین هێزێكی نوێی دروست كردووە كە كاریان ڕفاندنی خەڵكە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئاب/ ئۆگەستس، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین بە "وشە"ی  ڕاگەیاند، بەردەوام كردەوەی تیرۆریستی لە سنووری خانەقین ئەنجام دەدرێت و خەڵك دەرفێنن و لە چەند رۆژی ڕابردوو دوو كورد بە ناوەكانی حەمید رۆكانی و ساڵح لەتیف كە بنەماڵەی سید عوسمانن لەناوچەی شێخ باوە رفێندراون و تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە.

زیاتر گوتی، دانانی بۆمب و تەقینەوە و رفاندن و كوشتن هەمووی بۆ ئەوەیە خەڵك بترسێت و خۆیان ناونووس بكەن و ببنە چەكداری ئەوان.

بەرپرسەكەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە حەشد لە نزیك ناوچەی شێخ باوە هێزێكی نوێیان دروست كردووە و كوردێك بۆتە فەرماندەی ئەو هێزە كە خەڵكی كەلارە.

حەشدی شەعبی بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات ژمارەی هێزەكانی لەو سنوورانە زیاتر بكات ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی كە بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو ناوچانەیان داگیر كرد.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم