كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە یەكەم دەركەوتنیدا لەگەڵ یانە نوێیەكەی یۆڤێنتۆس لە خولی پلە یەكی ئیتاڵیا لووتی گۆڵپارێزی یانەی كیڤۆ ڤیرۆنای شكاندووە و ئازاری بە ملیشی گەیاندووە.
دوێنێ شەموو رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤێنتۆس بەشداریی لە یەكەم یاریی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا كرد و بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ لە یانەی ڤیرۆنایان بردەوە.
لەو یارییەدا رۆناڵدۆ ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و هەوڵێكی زۆری دا گۆڵ تۆمار بكات، بەڵام لەسەرجەم هەوڵەكانیدا شكستی خوارد.
لە یارییەكەدا ستیڤانۆ سۆرێنتینۆی گۆڵپارێزی یانەی ڤیرۆنا لە رووبەڕووبوونەوەیەكەدا لەگەڵ رۆناڵدۆ تووشی پێكان هات و یاریگەی جێهێشت.
گۆڵپارێزە تەمەن 39 ساڵییەكە دوای رووداوەكە راستەخۆ برایە نەخۆشخانە و دوای پشكنین دەركەوت لووتی شكاوە و ملیشی ئازاری پێگەیشتووە.
سۆرێنتینۆ لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) وێنەیەكی بڵاو كردەوە دوای گەڕانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماڵەوە، تێیدا دەركەوتووە لووتی شكاوە و ملیشی پێچراوە.
لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەكە لە كۆمێنتێكیشدا نووسیبووی "سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم بە نامە و پەیام منیان بەسەر كردۆتەوە". جەختیشی كردبووەوە كە ئێستا باری تەندروستی جێگیرە و باشە.
هەروەها نووسیبووی "رۆناڵدۆ وەك پێوست مامەڵەی لەگەڵ نەكردووم".
جێی باسە رۆناڵدۆ دوای 9 ساڵ یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدرید، مانگی رابردوو بە گرێبەستێكی 4 ساڵە و بە بەهای 112 ملیۆن یۆرۆ و بە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد.