سەركردەیەكی هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە بە 54 كورسی، رای گەیاند، توانوویانە فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمان پێك بێنن و سەركردەیەكی حیمەیش دەڵێت، ئەو فراكسیۆنەی دوای چەند سەعاتێك پێكهێنانی كڕۆكەكەی دێتە راگەیاندن، چوارچێوەی دامەزراندنی حكوومەتی داهاتوو دیاری دەكات.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد و بڕیارە فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق فەرمانی كۆماری دەربكات بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
ئەیمەن شمەری، ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند، هەریەك لە هاوپەیمانییەكانی سائیروون و حیكمە و وەتەنییە توانوویانە فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان پێك بێنن، ئەوەیش دوای هاتنی نەسڕ و هێزە سوننەكان بۆ ریزەكانیانەوە.
زیاتر گوتی، ئێستە فراكسیۆنی گەورەترین زیاتر لە 160 پەرلەمانتار لەخۆ دەگرێت و ئەو ژمارەیەیش لە زیادبووندایە دوای هاتنی چەند هێزێكی كوردی بۆ ریزەكانی و ئێستە گفتوگۆی رژد لەگەڵ هێزە كوردییەكان هەیە.
لای خۆیەوە نەوفەل ئەبو رەغیف، گوتەبێژ بەناوی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم رای گەیاند كە شاندێكی سێقۆڵی لە هەر لایەنێك لە ئامادەبووانی كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ ئامادە دەبن لە راگەیاندنی كڕۆكی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمانی عێراق.
لەو كاتەی محەمەد مەیاحی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە دەڵێت، ئەو فراكسیۆنەی كە دوای تەنیا چەند سەعاتێك پێكهێنانی كڕۆكەكەی بە ئامادەبوونی سەرانی هێزە سیاسییەكان دێتە راگەیاندن، چوارچێوەی دامەزراندنی حكوومەتی داهاتوو دیاری دەكات.
بە پێی زانیارییەكان ئێوارەی ئەمڕۆ بەغدای پایەتەخت كۆبوونەوەیەكی گرنگی موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی و ئەیاد عەلاوی و عەمار حەكیم و سلیم جبووری و ساڵح موتڵەگ و ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی تر بەخۆیەوە دەبینێت بۆ رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمانی عێراق.