دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ناوی كاندیدانی براوە لەلایەن دادگای فیدراڵەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق كرد كە بانگهێشتنی سازكردنی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم عەبادی لە وتەیەكی تەلەڤزیۆنیدا سوپاسی گەلی عێراقی كرد بەو دەستكەوتە و بەشداریكردنیان لە پرۆسەی دەنگدان و سوپاسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەستەی دادوەرانی نوێ و دادگای فیدراڵی كرد بۆ پەلەكردنیان لە پەسندكردنی ئەنجامەكان.
عەبادی داوای لە فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق كرد كە دەست بكات بە بانگهێشتن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ لە نزیكترین كات و بەوەی لە دەستوور دیاری كراوە، هەروەها دەست بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی نوێی كۆمار و راسپاردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بە مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بكرێت، تا پێدانی متمانە بەو حكوومەتە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ دەستكردن بە خزمەتكردنی عێراق.
عەبادی داوایشی لە هێزە سیاسییەكان كرد كە پەلە بكەن و لەسەر بەرنامەی داهاتووی حكوومەت رێك بكەون كە پێویستە رەچاوی داواكاری خەڵك لە هەموو عێراق بكات و ژیانێكی باش و خزمەتگوزاری و هەلی كاری زۆر بۆ خەڵكەكە دابین بكات.