كۆبوونەوەی سەدر و عەبادی و حەكیم دەستی پێ كرد

:: PM:09:39:19/08/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان موقتەدا سەدر پاڵپشت بۆ هاوپەیمانی سائیروون، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن و عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی و حەیدەر عەبادی سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ لە هوتێل بابل لە بەغدای پایەتەخت دەستی پێ كرد.

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد كە لە 12ی ئایاری رابردوو هاتە سازكردن، لەو ساتەوە كێبەركێیەكی بەهێز لە نێوان هەردوو بەرەی شیعە نووری مالیكی و موقتەدا سەدر دەستی پێ كردووە بۆ پێكهێنان و راگەیاندنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان كە بە پێی دەستوور حكوومەتی نوێی عێراق پێك دێنێت.

دەزگەكانی راگەیاندن بڵاویان كردەوە كە هەرەیەك لە موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی گەیشتوونەتە هوتێل بابل لە ناوەڕاستی بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی.

عەبدوڵا زەیدی، سەركردە لە رەوتی حیكمە لەو بارەوە دەڵێت، كۆبوونەوەیەكی فرەوان لە هوتێل بابل لە ناوەڕاستی بەغدا بە ئامادەبوونی موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و ئەیاد عەلاوی و حەیدەر عەبادی و ژمارەیەك لە سەرانی سوننە لەوانە محەمەد كەربوولی و محەمەد حەلبووسی و نوێنەری سەلیم جبووری بەمەبەستی راگەیاندنی كڕۆكی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان دەستی پێ كردووە.

ئەو سەركردە پێشبینی كرد لە دوای كۆبوونەوەكە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پێكهێنانی كڕۆكی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بێتە راگەیاندن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل