پشتێنەی بەغدا.. گۆڕەپانێك بۆ ململانێ و پاكتاوی تایفی سوننە و شیعە

:: PM:09:49:19/08/2018 ‌

هەر كاتێك باسی هەڕەشەی داعش دەكرێت، گومان و تێبینییەكان بەرەو ناوچە سوننەكانی دەوری بەغدای پایەتەخت دەچێت كە بە پشتێنەی بەغدا دەناسرێت، ئەو سەرەتا لەلایەن سوپای ئەمەریكا كرایە ئامانج، دواتر داعش بە مەبەستی هەڕەشەكردن لە بەغدا دزەی بۆ كرد، ئەوەیش بووە پاساوێك بۆ میلیشیا شیعەكان بۆ پاككردنەوەی یەكجارەكی لە سوننە و نەهێشتنی باڵادەستیان لەو ناوچانە، وەك ئامانجێكی ستراتیجی بۆ پاراستنی حكوومەتە شیعەكانیان لە بەغدا.

ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا بریتین لەو ناوچە دەشت و كشتوكاڵیانەی دەوری بەغدای پایەتەختیان داوە كە زۆرینەیەكی هۆزە سوننەكان تیایدا نیشتەجێن، ئەوان لە 2003ەوە كرانە ئامانجی سوپای ئەمەریكا بەو هۆیەی لەدژیان وەستانەوە و كردەی چەكداریان ئەنجام دەدا، دواتر كرانە ئامانجی شیعە و تا ئێستەیش بەردەوامە و ناوچەكان دووچاری گۆڕینی دیمۆگرافی هاتوونەتەوە.

ئەو ناوچەیە گرنگیەكی ستراتیجی هەیە بەوەی دەوری بەغدای داوە، بۆیە ئەو لایەنەی كۆنترۆڵی دەكات بەسەر بەغدا باڵا دەست دەبێت، داعش هەوڵی دا كۆنترۆڵی بكات و لەوێوە هێرش بكاتە سەر بەغدا و حكوومەتەكەی بڕوخێنێت، بەڵام نەیتوانی، ئێستەیش میلیشیا شیعەكان كۆنترۆڵی تەواوی ئەو ناوچانە دەكەن و هەوڵی باڵادەستیی شیعە دەدەن بۆ مەبەستی دژ بە مەبەستەكەی داعش، ئەویش پاراستنی حكوومەتی بەغدایە.

مەترسی داعش چەند بارە دەبێتەوە
رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فڕەنسایی دوێنێ شەموو رای گەیاند كە سێ هەزار ئەندامی داعش تا ئێستە لە عێراق چالاكن و خۆیان لە چەند ناوچەیەكی عێراق رێك خستووەتەوە و خۆیان بۆ هێرشكردن ئامادە دەكەن، بەتایبەتی لە گوندەكانی نزیك ناوچەی تارمییە لە پشتێنەی بەغدا و ئەوان خەڵك و هێزە تەناهییەكان دەكەنە ئامانج و خۆشیان لە كێڵگە و باغی ناوچەكە و خانووە چۆڵەكان حەشار دەدەن.

وەك رۆژنامەكە دەڵێت، چەكدارانی داعش بە گرووپی بچووك جموجۆڵ دەكەن بێ ئەوەی كەی بیانناسێتەوە كە سەر بە داعشن و سەرانە لە خەڵك وەردەگرن و هەمان سیناریۆی رێكخراوی قاعیدە لە  2010 دووبارە دەكەنەوە كە هێرشیان دەكردە سەر خەڵك بێ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكان.  

رۆژنامەكە دەڵێت داعش دوو لقی خۆی لە عێراق چالاك كردووە و خۆ تیایاندا رێك خستووەتەوە، یەكەمیان لە تارمییە و پشتێنەی بەغدا و رۆژئاوای دیالە و تكریت و رۆژئاوای نەینەوا و تەلەعفەر و نزیكەی هەزار چەكداری داعش لەوێ هەن، هەرچی لقی دووەمە كە دوو هەزار چەكدار دەبن و لە ناوچەكانی بەرزاییەكانی حەمرین لە نێوان پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین و كەركووك و ناوچەی سامەڕا بەرەو باشوور و ناوچەكانی بیابانی لە دەوروبەری بەعاج و ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە درێژایی سنوورەكان لەگەڵ سووریا. 

پشتێنەی بەغدا و ئاوارەكان ناتوانن بگەڕێنەوە 
موتەشەر سامەڕایی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت، كاتێك لە حكوومەتی عێراق دەپرسین هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكان چییە؟، باسی چەند هۆكارێكی قەناعەت پێ نەكراو دەكەن، لە راستیدا هۆكاری راستەقینە ئەوەیە كە ئێران رازی نییە، واتە ئەگەر ئێران رازی بێت هەموویان دەگەڕێنەوە، بۆیە پاڵەپەستۆ لەلایەن ئێرانەوە هەیە لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان.

زیاتر گوتی، نوێنەری ئەو پارێزگایانەی ئاوارەیان هەیە تەنیا دەتوانن داوای چارەسەركردنی كێشەكە بكەن، بەڵام وەڵامدانەوەیان لە خوار خواستەكاندایە، و سوودوەرگرتنێكی سیاسی لە كەیسی ئاوارەكاندا هەیە و ئەوان وەك كارتێكی پاڵەپەستۆ بەكار دەهێندرێن، بۆیە ئێستە عێراق بووەتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان و ئاوارەكان بوونەتە كارتێكی سیاسی و لەلایەن چەند لایەنێكەوە بەكار دەهێندرێن.

روونی كردەوە، نەگەڕانەوەی ئەوان پێوەندی بە گۆڕینی دیمۆگرافییەوە هەیە، ئەوەی روو دەدات هەوڵدانە بۆ بەشیعەكردنی چەند ناوچەیەكی عێراق وەك جورف ئەلسەخەر لە بابل و ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا و دوجێل و بەلەد و نزیك سامەڕا و سەید غەریب و هیتریش، كە دەكەونە خانەی گۆڕینی دیمۆگرافی و تایفی لەو ناوچانە، ئەگینا هۆكاری ئابووری یان تەناهی بوونیان نییە، دووپاتی كردەوە كە ئەگەر داعشیش نەمێنێت لە ئەنجامی ئەو ستەم و مامەڵە ستەمكارییە لە داعش خراپتر دروست دەبێت.

جورف ئەلسەخر وەك بۆمبێكی دانراوەی تایفی  
ئەو ناوچەیە لە دووری 100 كیلۆمەتر لە باشووری بەغدا سەر بە پارێزگای بابلە و لە دوای دەركەوتنی داعش لە عێراق و پەلهاوێشتنی بۆ ناوچە سوننەكان ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەی تێ كەوت و خەڵكەكە بەو هۆیەوە چۆڵیان كرد و بووە ناوچەیەكی جەنگ و ئەوەی لەوێ بگیرایە مامەڵەی داعشی بۆ دەكرا، رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارە سوننەكان بۆ ئەو ناوچانە دەكرێت و بووەتە بۆمبێكی تایفی، كە دوای ساڵانێك لە ئازادكردنەوەی لە داعش رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی دەكرێت، بۆیە چاودێران پێیان وایە رەنگە ببێتە سەرچاوەی دروستبوونی كێشەی نوێ.

لای خۆیەوە ئەنجوومەنی پارێزگای بابل گەڕانەوەی ئاوارەكانی جورف ئەلسەخر رەت دەكاتەوە، دانیشتوانی شیعەی پارێزگاكەیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە و هەندێكیان دەڵێن كە بكرێتە ناوچەیەكی بێ دانیشتوان و هەندێكی تریان وای دەبینن بخرێتە سەر پارێزگای ئەنبار، فەلاح خەفاجی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لەو بارەوە دەڵێت، زیاتر لە پێنج هەزار كەسی داواكراو بە تۆمەتی تیرۆر خەڵكی جورف ئەلسەخرن و زۆرێكیش لە خەڵكی ناوچەكە پاڵپشتیان لە داعش كردووە.  

لای خۆیەوە عەواتیف نیعمە، پەرلەمانتاری پێشووی شیعە دەڵێت، ئەو ناوچەیە گەورەترین بنكەی تیرۆرە و خەڵكەكەیشی لایەنگری سەدام حوسێنن، هەروەها پایەتەختی رێكخراوی داعش و مۆڵگەی تیرۆریستانە و بە خراپترین ناوچەی لە مێژووی عێراق وەسف كرد.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل