نووسینگەی مالیكی: سبەی گەورەترین فراكسیۆن رادەگەیەنرێت

:: PM:10:15:19/08/2018 ‌

هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی موقتەدا و چەند سەركردەیەكی تر لە بەغدا بۆ راگەیاندنی كڕۆكی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمان، ئەمشەو نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیكی سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتی كردەوە كە سبەی گەرەترین فراكسیۆن رادەگەیەنین. 

نووسینگەی مالیكی لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمشەو بڵاو كرایەوە رای گەیاند كە پێوەندی لە نێوان دەوڵەتی یاسا و فەتح و هەردوو پارتی كوردی (یەكێتی و پارتی) و تەوەری نیشتیمانی (سوننە) هەیە و باسكردنی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان دەكەوێتە سبەی دووشەم.

لای خۆیەوە محەمەد سەیهوود، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دووپاتی كردەوە كە كۆبوونەوەی سەرانی سائیروون و نەسڕ و حیكمە و وەتەنییە و بەشێك لە سوننە لە هوتێل بابل مانای پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی یان راگەیاندنی كۆتایی پێكهێنانی نییە، بەڵكو ئەو پرسە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان یەكلا دەبێتەوە كە چاوەڕوان دەكرێت سەرۆك كۆمار بانگهێشتنی بۆ بكات. 

دووپاتی كردەوە، تا ئێستە هەندێك هێزی كورد و سوننە هەڵوێستی كۆتایی خۆیان رانەگەیاندووە بۆ چوونە پاڵ بەشدارانی كۆبوونەوەكەی هوتێل بابل، بۆیە دەكرێ ئەوان وەك بەردی تەرازوو بن بۆ یەكلاكردنەوەی راگەیاندنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا.

سەرچاوە/ مربد و مەعلوومە 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل