راوێژكاری سەرۆك كۆمار: دوای جەژن بانگهێشتنی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێت

:: PM:10:33:19/08/2018 ‌

عەبدوڵا عەلیاوەیی، راوێژكاری فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق دووپاتی كردەوە كە سەرۆك كۆمار دوای پشووی جەژنی قوربان بانگهێشتن بۆ سازكردنی  یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەكات و پێشبینیشی كرد كە وادەی دانیشتنەكە لە 28ی ئەم مانگە بێت.  

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد كە لە 12ی ئایاری رابردوو هاتە سازكردن، كە بە پێی دەستوور پێویستە دوای ئەوە سەرۆك كۆمار بانگهێشتنی پەرلەمانی نوێ بكات بۆ سازكردنی یەكەم كۆبوونەوە بۆ متمانەدان بە پەرلەمانتارانی نوێ و سوێندخواردن و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

عەلیاوەیی لە لێدوانێكی بۆ رادیۆی مربەد رای گەیاند، سەرۆك مەعسووم پابەندە بە وادە دەستوورییەكان، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەستن بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە دەسەڵات بە سەرۆك كۆمار دەدات بۆ بانگەشەكردن بۆ سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە ناوەی 15 رۆژ لە بەرواری پەسندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا داوای لە فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق كرد كە بانگهێشتنی بۆ سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بكات.

سەرچاوە/ مربەد





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل