كۆبوونەوەی هەولێر: پێویستە حكوومەتی نوێ بە رێككەوتنی سیاسی و گرێنتی نووسراو بێت

:: PM:10:57:19/08/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە هەولێر لەگەڵ شاندی باڵای تەوەری نیشتیمانی (سوننە) كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردنیان لە پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا كرد.

دوای كۆبوونەوەكە و لە ڕاگەیەنراوی هاوبەشی هەردوو شاند دووپات لە پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی عێراق لەسەر بنەمای رێككەوتنی سیاسی و پێشێل نەكردنی دەستوور كرایەوە. 

بە پێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بنیاتنانی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و میكانیزمی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن كراوە و دووپات لە پێویستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەسەر بنەمای رێككەوتنی سیاسی كراوەتەوە كە پابەند بێت بە بەڵێن و  رێككەوتنەكان و  پێشێل نەكردنی دەستوور.

لەو كۆبوونەوە  باسی ئەوە كراوە كە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانە دەكەن كە بەرنامەی سیاسی روونیان هەیە و دەبێت حكوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای رێككەوتنی سیاسی پێك بهێنرێت و پابەندی بەڵێن و رێككەوتننامەكان بێت و گەرەنتی نووسراو و میكانیزمی دیاریكراو هەبێت و هەردوولا بڕیاریان داوە بە ڕووی هەموو هێزە سیاسییەكانی تر كراوە بن بە مەبەستی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی دوور لە گیانی تایفی و دەرماگیریی نەتەوەیی.

شایەنی باسە شاندی پارتی پێكهاتبوو لە مەحموود محەمەد و هۆشیار زێباری و فوئاد حوسێن و هێمن هەورامی و شاندی یەكێتیش پێكهاتبوو لە مەلا بەختیار و سەعدی ئەحمەد پیرە و ئەرسەلان بایز و هەرێم كەمال ئاغا، هاوكات شاندی سوننە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆكایەتی دەكرا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل