هۆزە عەرەبییەكان: پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە كێشە لەسەرەكان

:: PM:11:13:19/08/2018 ‌

گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان وریایی لە گەڕانەوەی رێكخراوی داعش بۆ چەند ناوچەیەكی سنووری پارێزگای نەینەوا بە منیزكانە دەدات و دووپاتی دەكاتەوە پێویستە هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەمان سیناریۆی 2014 دووبارە نەبێتەوە.

شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت ئەمڕۆ یەكشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، وریایی لە گەڕانەوەی داعش بۆ چەند ناوچەیەك دەدەین لەوانە ناوچەی جەزیرە لە نێوان پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار، ئەوەیش دوای دەركەوتنی زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی چەكدارانی داعش لە جەزیرە بەتایبەتی لە ناوچەكانی ترێفاوی و مەنایف و نزیك شارۆكەی حەزەر و شارەدێی تەلعەبتە و چەند ناوچەیەكی تریش. 

حوێت وریایی لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی 2014 و دەركەوتنەوەی داعشی دا و داوای بڵاوبوونەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لەو ناوچانە دا بۆ پاراستنیان و روونی كردەوە، ئێمە وای دەبینین كە هێزە تەناهییەكان لەو ناوچانە رژد نین لە ئەركەكانیان، بۆیە داوا لە حكوومەتی ئەمەریكا دەكەین بێتە ناو بابەتەكەوە لە دوای دەركەوتنەوەی داعش.

بەیاننامەكە ئاماژەی كرد كە كەسانێك لەو ناوچانە هەن یارمەتی چەكدارانی داعش دەدەن، بۆیە پێویستە رووبەڕووی ئەوان ببینەوە دووبارە پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە.

لە ماوەی رابردوو راپۆرتەكانی رۆژنامەوانی باسیان لە دەركەوتنەوەی چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق كردووە و ئەوان خۆیان رێك خستووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل