سبه‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قوربانه و به‌رپرسی به‌شی ته‌ندروستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ڤێتێرنه‌ری پارێزگای دهۆكیش ئاشكرای كرد، نزیكه‌ی 21 هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵ پشكنینیان بۆ كراوه و بۆ قوربانیكردن ئاماده‌كراون.
عه‌بدولره‌زاق حاجی به‌رپرسی به‌شی ته‌ندروستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ڤێتێرنه‌ری دهۆك به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، سبه‌ی و ڕۆژانی دواتر به بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه، له سنووری پارێزگای دهۆك نزیكه‌ی 21 هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕدرێن و ده‌كرێنه قوربانی، سه‌ربڕخانه‌ی دهۆكیش ئاماده‌كاری ته‌واوی بۆ ئه‌م كاره كردووه.
ئاماژه‌ی دا، له سنووری پارێزگای دهۆك 60 كۆمپانیا هه‌ن و ئاژه‌ڵ ده‌هێنن، به‌ڵام ته‌نیا 42یان مۆڵه‌تیان هه‌یه، كۆمپانیاكان مانگانه پێنج هه‌زار گۆلك "گوێره‌كه" ده‌هێننه دهۆك، بۆ دابینكردنی گۆشتی پێویست سه‌ریان ده‌بڕدرێ. بۆ ئه‌م جه‌ژنه‌یش 10 هه‌زار مانگا و 11 هه‌زار ئاژه‌ڵی تر وه‌كو مه‌ڕ و بزن بۆ قوربانیكردن ئاماده‌كراون.
ساڵانه له كاتی جه‌ژنی قوربان له هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆر مانگا و مه‌ڕ و بزن له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ده‌كرێنه قوربانی و به‌سه‌ر خه‌ڵكی گۆشته‌كه‌یان دابه‌ش ده‌كرێت، زۆربه‌ی ساڵیش له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربان نرخی ئاژه‌ڵ له شاره‌كانی كوردستان ڕوو له به‌رزبوونه‌وه ده‌كات، به‌هۆی زۆری خواست له‌سه‌ر كڕینی ئاژه‌ڵ به ئامانجی سه‌ربڕین و كردنه قوربانی.
دهۆك/نه‌وزاد هلۆری.