گرتووخانه‌ی ئیتۆتی تایبه‌ت به منداڵان و ژنان به بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربان، مۆڵه‌تی به ژماره‌یه‌ك له گیراوان دا له ڕۆژانی جه‌ژن بچنه‌وه ماڵه‌كانیان و له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان ئه‌و كاته به‌سه‌ر ببه‌ن.
عه‌ماڕ عه‌بدوڵا ساركی لێكۆڵه‌ری ده‌روونی له گرتووخانه‌ی ئیتۆت به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دووشه‌م گرتووخانه‌ی ئیتۆت بۆ منداڵان و ژنان له دهۆك، مۆڵه‌تی چوونه‌وه ماڵی بۆ ژماره‌یه‌ك له گیراوانی دهۆك ده‌ركرد، تا جه‌ژن له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كانیان به‌ڕێ بكه‌ن.
ئاماژه‌ی دا، ئه‌و گیراوانه سه‌رجه‌میان دادگاییكراون و دۆسیه‌كانیان یه‌كلاكراوه‌ته‌وه و مۆڵه‌تی حه‌وت ڕۆژ مانه‌وه‌یان له ماڵه‌وه پێ دراوه، دواتر ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه گرتووخانه و حوكمی دادگا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
زیاتر گوتی، گیراوه‌كان به چه‌ند پێوه‌رێك دیاریی كراون و ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه ده‌كرێن، یه‌كێك له‌وانه چاودێریكردنیانه، ئه‌وانه‌ی له ڕووی ڕه‌وشت و مامه‌ڵه‌كردنه‌وه زۆر باشبوون و هیچ كێشه‌یان له گرتووخانه نه‌ناوه‌ته‌وه و كه‌سوكاره‌كانیان كه‌فاله‌تیان ده‌كه‌ن، جیا له‌وه‌یش به‌شێكی حوكمه‌كه‌یان ته‌واو كردووه، واته ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ هه‌موو گیراوێك نییه.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی ئه‌و ده‌روونناسه گوتی، هه‌ندێك له گیراوان به فه‌رمانی دادوه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێ دراوه، واته له‌و كاته‌ی حوكم دراون له فه‌رمانه‌كه ئاماژه دراوه كه ده‌توانن له بۆنه‌كان مۆڵه‌تی به كه‌فاله‌ت وه‌ربگرن و بچنه‌وه ماڵه‌كانیان.
دهۆك/ نه‌وزاد هلۆری.