له به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌وه ڕێی هه‌ولێر – كه‌ركووك قه‌ره‌بالغییه‌كی زۆری لێ دروست بووه و خه‌ڵكی به لێشاو له باشوور و ناوه‌ڕاسته‌وه به‌ره‌و كوردستان دێن تا وه‌ك گه‌شتیار ڕۆژانی جه‌ژن له هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر ببه‌ن، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه دوێنێ یه‌كشه‌م دوای زیاتر له 300 ڕۆژ ڕێی نێوان هه‌ردوو شاره‌كه كرایه‌وه.
نێردراوی "وشه" له بازگه‌ی سه‌ر پرده ئاسنییه‌كه وێنه و دیمه‌نه‌كانی هاتنی به‌لێشاوی گه‌شتیارانی له باشوور و ناوه‌ڕاسته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان تۆمار كردووه و وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ خه‌ڵكی سه‌ره‌یان گرته‌وه تا به‌سه‌ر پرده ئاسنینه‌كه بپه‌ڕنه‌وه و بگه‌نه هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی جه‌ژن دوور له نائارامی و شه‌ڕ و ئاڵۆزی و نادڵنیابوون له ژیان و سه‌رووماڵیان له كوردستان به‌سه‌ر ببه‌ن.
پێشتر نادر روستی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، كه ئاماده‌كاری ته‌واویان كردووه و تیمه‌كانی گه‌شتوگوزار له ناوچه جیا جیاكان بڵاو بوونه‌ته‌وه و پێشوازی له گه‌شتیاران ده‌كه‌ن و پێشبینی ده‌كه‌ین له ته‌واوی ئه‌مساڵ نزیكه‌ی دوو ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیار روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
ساڵانه گه‌شتیارانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق و ئێران له جه‌ژنه‌كانی ڕه‌مه‌زان و قوربان و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌هۆی ئازادی و ده‌سته‌به‌ری ئاسایش و ئارامی ته‌واوی بۆ سه‌رجه‌م چین و پێكهاته و ئاین و ئاینزا جیاوازه‌كان.