چەند هەڵەیەكی بەیانیان كە دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش

:: PM:04:57:20/08/2018 ‌
ژەمی بەیانیان زۆر گرنگە بۆ تەندروستی لەش و دیاریكردنی ئەو بڕە خواردنەی كە دەخورێت یان پێویستە لە بەیانیاندا چی بخورێت، بۆ ئەوەی لەش لە كالۆری زیاد بەدوور بێت و تەنیا خواردنەكە وەكو وزەیەك لەلایەن لەشەوە بەكاربهێنرێت، بەگوێره‌ی توێژینەوە زانستییه‌كان پێوەندییەكی زۆر هەیە لەسەر شێوازی نەریتی نانخواردنی بەیانیان و زیادبوونی كێشی لەش.

یەكەم: رەتكردنەوەی ژەمی قورس، خواردنی نانی بەیانی زۆر گرنگە بۆ لەش، چونكە بڕێكی زۆر وزە و ڤیتامین بە لەش دەدات، شارەزایانی تەندروستی دەڵێن خواردنی ژەمێكی قورس لە بەیانیاندا زۆر باشترە لەو خواردنەی كە زوو زوو كەم كەم دەخورێت لە نێوان ژەمەكان دا، چونكە خێرایی میتابۆلیزم لەكاتەكانی رۆژدا جیاوازە، پێویستە بەیانیان ژەمی پڕ لە كالۆری بخورێت و نیوەڕوان ژەمێكی سووكتر بخورێت و ئێواران تەنیا كەمێك زەڵاتە یان سەوزە بخورێت.

دووەم: نەڕۆیشتنە بەر تیشكی خۆر، هەتاو زۆر كاریگەری هەیە لەسەر سووتانی چەوری لەش بەتایبەتی شانەی چەوری سپی، بەپێی ئەو توێژینەوەیەی كە لە زانكۆی كەنەدا ئەنجام دراوە و دەركەوتووە تیشكی خۆر كاریگەری هەیە لەسەر كەمكردنەوەی كێشی لەش، بەم تاقیكردنەوەیدا دەگەین بەو ئەنجامەی كە زۆرێك لە ئێمە تەنیا لە وەرزی زستاندا كێشی لەشمان زیاد دەكات و ئەم زیادبوونەوەیە بۆ نەبوونی تیشكی خۆر دەگەڕێتەوە.

سێیەم: لەبیركردنی خواردنەوەی ئاو پێش ژەمی بەیانیان، شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە خواردنەوەی كوپێك ئاو لەكاتی هەستان لەخەوی بەیانی زۆر گرنگە، چونكە ئاو میتابۆلیزم  خێرا دەكات و چەوری لەش كەم دەكاتەوە و هەروەها لەش لە ژەهر پاك دەكاتەوە و خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی چەوری لەش بە ڕێژەی %10 بۆ %17.

چوارەم: وەرزش نەكردن، سووتاندنی كالۆری و چەوری لەش و خێرای میتابۆلیزمی لەش پێویستی بە وەرزشكردنی بەیانیانە، چونكە ئەم وەرزشكردنە ئەگەر پێش ژەمی بەیانی بێت ئارەزووی خواردن كەم دەكاتەوە. ئەو كەسانەی كە بەیانیان پێش كاتژمێر حەوت وەرزش دەكەن، بەشێوەیەكی خێراتر كێشی لەشیان كەم دەبێتەوە.

پێنجەم: خوێندنەوەی هەواڵ و رۆژنامە لە بەیانیاندا، ترس و توڕەی دروست دەبێت لە كاتی خوێندنەوەی هەواڵێكی ناخۆش لە بەیانیاندا، بەمەش كاریگەری لەسەر تەندروستی لەش دروست دەكات، بەتایبەتی ئەگەر گرفتی نووستنت هەبێت بە درێژایی شەو، چونكە فشاری درێَژخایەن دەگۆڕێت بۆ خانەی چەوری لە لەشدا ئەمەش هۆكارێكە بۆ زیادبوونی كێشی لەش.


وشە - ئاوات ئازاد