ئەفسەرێكی سوپای عێراق: پەكەكە و حەشد بازرگانی بە مادەی هۆشبەر هۆشبەر و مرۆڤەوە دەكەن

:: PM:05:10:20/08/2018 ‌
چالاكان و خەڵكی ئێزیدی هێما بۆ ئەوە دەكەن، عەبادی فەرمانی بە هێزەكان داوە ڕێ لە گەڕانەوەی كوردانی ئێزیدی بۆ شنگال بگرن، ئەفسەرێكی سوپای عێراقیش دەڵێ، پەكەكە و حەشد بازرگانی بە چەك و مادەی هۆشبەر و جەستەی مرۆڤەوە دەكەن و ناوچەكە وەكو چیای قەندەهاری ئەفغانستانی لێ هاتووە.

عەبادی شنگال لە كوردانی ئێزیدی قەدەغە دەكات
زێنۆ ناوی خوازراوی یەكێك لەو هاووڵاتییانەیە كە لە مانگی چواری ئەمساڵ لەكاتی گەڕانەوەی ماڵەكەی لە شاری دهۆكەوە بۆ شنگال، جگە لە سووكایەتییەكی زۆر لەلایەن چەكدارانی حەشد لە پێش چاوی خێزان و منداڵەكانی، چوار شەقی لێ دەدەن و دەیگەڕێننەوە و ڕێی نادەن بچێتەوە گوندەكەیان.

زێنۆ بۆ "وشە" گوتی، گوندەكەی ئێمە لەلایەن حەشد و پەكەكە دەستی بەسەردا گیراوە، زۆر هەوڵمان داوە بگەڕێینەوە و ڕێمان پێ نادەن، تەنیا بەو مەرجەی ببین بە پەكەكە یان حەشد دەنا ڕێمان لێ دەگرن.

ئارزین شەمۆ كەسایەتیی دیاری ئێزیدییەكان كە ئێستە بەناچاری لە شاری دهۆك دەژی، ئەو ئاشكرای كرد، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هەڵمەتێكمان دەست پێ‌ كرد بۆ سەردانی سەرجەم فەرماندەكانی شوێنەكە، بۆمان دەركەوت بە فەرمانی حەیدەر عەبادی و قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ، فەرمانی فەرمی دەركراوە و نابێت ئێزیدییەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانیان.

شەمۆ بۆ "وشە" گوتی، ڕێگرییەكان زۆرن و ئەگەر زۆریش بكەین لە بازگەكان بۆ گەڕانەوەمان جگە لە فەرمانی لێدان، فەرمانی تەقەكردنیشیان پێیە، ئەوەش بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراقە كە ئەویش بە گوتەی فەرماندەكانی ئەو شوێنەی سوپای عێراق.

سكاڵا تۆمار دەكەن
هیدایەت شنگالی پارێزەری خۆبەخش و دانیشتووی سەنتەری شنگال لەوبارەیەوە گوتی، بەشێوەی فەرمی سكاڵامان لەسەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆمار كردووە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، چونكە لەكاتی چوونی ڕیشسپییانی ناوچەكە، پێیان گوتوون بە فەرمانی ئەوان ناتوانن ڕێ بدەن بە گەڕانەوەتان.

ئەو پارێزەرە بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە لە بازگەكان ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان كردووە، لە شەش مانگی ڕابردوودا 20 حاڵەتی لێدان هەبووە و داواكاری گشتیی دادگای ناوچەكەمان لێ‌ ئاگەدار كردووەتەوە و كەیسێكی تایبەتمان بۆ كردووەتەوە.

شنگالی ئاشكرای كرد، ئەگەر فەرمانی عەبادی و ئەعرەجی بێت، پێویستە ڕوونی بكەنەوە بۆمان كە هۆكارەكەی چییە؟ داعشیش هەر ئەوەی پێ كردین و دەیانكوشتین، ئەوانیش سووكایەتیمان پێ دەكەن، ئیتر جیاوازییان چییە.

شنگال كراوەتە ئەفغانستان
بەرپرسی بنكەی لالش لە شنگال بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بوونی چەكدارانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی پەكەكە، هاووڵاتییانی نیگەران كردووە، جگە لەوەی ڕێگری هەیە، لە هەمان كاتیشدا بەهۆی دڵنیا نەبوون لە ژیانیان، ئێزیدییەكان ئامادە نین بچنەوە شنگال.
عەزیز شڕكانیم گوتی، بەهۆی ئەو ڕەوشە خراپە كە هاوشێوەی ئەفغانستانی لێ هاتووە.

پەكەكە بووەتە مافیا

عەقید حەبەش عەلی ئەفسەر لە هێزی وەڵامدانەوەی خێرا كە یەكێكن لە هێزەكانی سوپای عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند،  ئاوارەكانی شنگال و مووسڵ لەبەر تێكچوونی دۆخی تەناهی و دڵنیا نەبوونیان لە هێزەكانی ناوچەكە ناگەڕێنەوە، جیا لەوەیش پەكەكە لە ناوچەكە وەك گرووپێكی مافیا خەریكی بازرگانین بە چەك و مادەی هۆشبەر و جەستەی مرۆڤەوە، سوپا بە تەواوی ئاگاداری ئەو وردەكارییانەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەكەكە لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكانی شیعە ڕێككەوتوون، قسەیان لەگەڵ ناكرێ.

داعش ناوچەكە كۆنتڕۆڵ دەكاتەوە
ئەو ئەفسەرەی هێزەكانی وەڵامدانەوەی خێرا لەبارەی جموجۆڵەكانی داعش لە ناوچەكە گوتی، داعش ڕۆژ دوای ڕۆژ چالاكییەكانی زۆرتر دەبن و شەوانە لای چەپی مووسڵ تەواو لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەواندایە و خاڵی پشكنین دادەنێن، لە مانگی ڕابردوو چەندان هێرشیان كردە سەر حەشدی شەعبی و حەوت كەسیان لێ ڕفاندوون و 16ی تریشیان كوشتووە.

حەبەش عەلی هێمای بۆ ئەوەیش كرد، دۆخی مووسڵ و شنگال لە ئاڵۆزیدایە و هەر لایەنێك و بۆخۆی بەرپرسی یەكەمی ناوچەكەیە، دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ دوو هەزار و 750 كەس بە تۆمەتی پێوەندی بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بە بێ فەرمانی دادوەر گیران، تەنیا 411 كەس ماون و ڕەوانەی بەغدا كراونەتەوە، ئەوانەی تر حەشدی شەعبی بە پارەی زۆر ئازادیان كردوون.

هاوكات مەحما خەلیل قایمقامی شارۆكەی شنگال بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حەشد و پەكەكە دەستیان تێكەڵ كردووە و هەرچی كاری نایاساییە لە ناوچەكە ئەنجامی دەدەن و چەندان فەرمانگەی حكوومیان داگیركردووە و كەلوپەلی نایاسایی بە قاچاغ لە سووریاوە دەهێنن و پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەك نابن.


ڕاپۆرت/ رامیار جەواد، محەمەد میران.



وشە - تایبه‌ت