مادۆنا یادی 60 ساڵەی دەکاتەوە

:: AM:10:01:21/08/2018 ‌

مادۆنا كە ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری گۆرانیی ستایلی پۆپە و بە ئەستێرەی ورووژاندنی گەنجان دەناسرێتەوە. بۆ ئەمساڵ 2018 یادی 60 ساڵەی خۆی كردەوە و لەوبارەیەوە پێگەی "فەرفیش" راپۆرتێكی لەبارەی مادۆناوە بڵاو كردووەتەوە، "وشە"یش رۆشنایی دەخاتە سەر بەشێك لە راپۆرتەكە.

مادۆنا كە لە 16ی ئابی 1958 لە دایك بووە، بۆ ئەمساڵ لە شاری مەراكشی مەغریب بە ئاهەنگێك یادی 60 ساڵەی كردووەتەوە. وەك پێشتر بە ئەستێرەی ورووژاندنی گەنجان دەناسرایەوە، ئێستەیش بەو تەمەنە هەمان رۆڵ دەبینێ، چ لە روی جوانیی رووخسار یان جلوبەرگە ورووژێنەرەكانی.

ناوی تەواوی "مادۆنا لویز كۆكۆن"ە. ماوەی 40 ساڵە بەردەوامە لە گۆرانیگوتن كە بە ئەستێرەی ستایلی پۆپ دەناسرێتەوە. دەیان خەڵاتی جیهانیی وەرگرتووە و بەوە دەناسرێتەوە كە لەگەڵ گۆرانیگوتندا بەردەوام سەما دەكات كە زانیارییەكی زۆرباشی لە بوارەكانی سەمادا هەیە.

زۆرترین بایەخ بە جلوبەرگ دەدات و زۆرینەی ئەو جلوبەرگەی ئەو بەكاریان دەهێنێت، لەلایەن دیزاینەری فڕەنسی جان پۆڵ دروست كراون كە دیزاینەرێكی زۆر ناوداری جیهانییە. لە گۆرانی و سەما و زۆرینەی هەلسوكەوتەكانی، مادۆنا بە كەسێكی زۆر بوێر دەناسرێتەوە و بەردەوام بەرووی جەماوەرەكەی پێدەكەنێت.

هەوڵی داوە لە بواری نواندندا بەختی خۆی تاقی بكاتەوە، لە چەند فیلمێكدا رۆڵی بینیوە، بەڵام لەلایەن رەخنەگرانەوە بە ئەكتەرێكی ئاسایی ناو براوە و تێیدا سەركەوتوو نەبووە. دواتر فیلمێكی دیكیۆمێنتاری بەناوی "فی السریر مع مادۆنا- لەسەر پێخەف لەگەڵ مادۆنا" هاتە بەرهەم كە تێیدا باس لە چالاكییە هونەریی ژیانی تایبەتی دەكرێت.

مادۆنا ئەلبوومی "ترو بلۆ" كە لە سەرەتای نەوەتەكاندا بەرهەمی هێنا، پێشكەشی یەكەمین هاوسەری كردووە كە "شۆن بین" بوو و دوای چوار ساڵ پێكەوەبوون، لە ساڵی 1996دا لە یەكتر جیا بوونەوە و كچێكیان هەیە بەناوی "لۆردیس".

دواتریش كاتێك لە ساڵی 2006دا سەردانی وڵاتی مەلاویی ئەفریقایی كرد، لە خانەی هەتیوان منداڵێكی هەڵگرتەوە بۆ بەخێوكردنی بەناوی "دێڤید" كە ئەوكات تەمەنی 13 مانگ بوو. لە ساڵی 2009دا لە هەمان وڵات منداڵێكی تری هەڵگرت بەمەبەستی بەخێوكردنی بەناوی "مێرسی". دواتریش لە ساڵی 2017دا دووانەیەكی تری هەڵگرتووە بۆ بەخێوكردنیان بەناوەكانی "ئیستەر و ستیلا".

كاروانی هونەریی مادۆنا زۆرترین قسەی لەسەر هەیە، لەلایەك لەلایەن رەخنەگرانەوە رەخنەی زۆری لێ دەگیرێت. لەلایەكی ترەوە بە داهێنەری قۆناغەكەی خۆی ئاماژەی بۆ دەكرێت. دواتریش ئێستە مادۆنا ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری دنیایە.








وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د