بە وێنە.. 70 ساڵە بۆ خواردنی جەژن نیسك بە هاووڵاتییانی ئەم گوندە دەدرێت

:: AM:10:45:21/08/2018 ‌


وك نەریتێكی ساڵانە نزیكەی 70 ساڵە لە گوندی باڵندای سەر بە دەڤەری بارزان بۆ خواردنی بەیانی جەژن، نیسك و قەلی بە سەرجەم دانیشتووانی گوند دەدرێت.

عەبدولجەبار بالندێ موختاری گوندی باڵندا كە ئەمڕۆ بو خواردنی بەیانی سەرجەم دانیشتووانی گوندەكەی میوانداری كردووە بە "وشە"ی راگەیاند، وەك نەریتێكی ساڵانە، وەك هاووڵاتییانی گوندی باڵندا ساڵانە بۆ خواردنی بەیانی نیسك و قەلی بە هەموو دانیشتووانی گوند دەدەن.

ئەو دەڵێت "ئەمڕۆ خواردن بۆ نزیكەی 500 كەس لە پیاو و ژن و منداڵ ئامادە كراوە، مەبەست لەو خواردنە تەنیا یەكگرتوویی، برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان تاكەكانی گوندە ".

هاوكات رەمەزان باڵندی كە كەسایەتییەكی ناسراوی گوندی باڵندایە بە "وشە"ی راگەیاند، لە ساڵانی حەفتاكانەوە تا ئێستە وەك نەریتێك، هاووڵاتییانی دەڤەری بارزان بە گشتی و گوندی باڵندا بە تایبەتی بۆ خواردنی بەیانی جەژن هەموو هاووڵاتییان لە شوێنێك میوانداری دەكەن بەتایبەتی لە ماڵی موختار.

ئەو گوتی دوای ئەوەی خەڵك نوێژی جەژن دەكەن، دەست لە دەستی یەكتر دەنێن و پیرۆزبایی لە یەكتر دەكەن، پاشان دەچنە یەكێك لە ماڵەكان بۆ خواردنی بەیانی و بەشی هەرەزۆری خواردنەكانیش پێكدێن لە نیسك و قەلی. نیسكی دەڤەری بارزان بەناوبانگە.

گوندی باڵندا پێكدێت لە نزیكەی 150 خێزان و دەكەوێتە روژئاوای دەڤەری بارزان و سەر رووباری ئاڤا شین.

بارزان / نەوزاد هلوری:

































وشە - سلێمان تاشان