هەفتەی رابردوو، یەكەم كتێب لە بارەی شوێنەواری چەرموو بڵاو كرایەوە، یەكێك لە دانەرەكانی كتێبەكە بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، هیچ وەزارەت و بەرپرس و دەزگەیەك ئامادەیییان نەبووە ئەركی لەچاپدانی ئەم كتێبە لە ئەستۆ بگرن، كەچی پیاوێكی كاسبكار ئەركەكەی لە ئەستۆ گرتووە و كتێبەكەی چاپ كردووە.
لە ساڵانی 1948- 1955 كنە و پشكنین بۆ گوندی چەرموو كراوە، كاتێك ئەنجامەكانی پكشنینەكە بڵاو كرایەوە وەك یەكێك لە كۆنترین گوندی كشتوكاڵی هاتە ناساندن، ئەوەی تێبینی دەكرێت كورد زۆر شانازی بەو دۆزینەوەیە دەكات و لە سەرجەم كتێبەكانی قوتابخانە ئاماژە بۆ ناوەكەی دەكرێت، كەچی تا ئێستە كتێبێك نەبووە بە وردی باس لە شوێنەواری چەرموو بكات. بۆیە كتێبی "چەرموو، كۆنترین گوندی كشتوكاڵی و نیشتەجێبوون" یەكەم كتێب دەبێت لەم بوارەدا كە لەلایەن هەردوو رۆژنامەنووس پێشەوا شێخ رەئووف و هاوڕێ لەتیف ئامادە كراوە.
پێشەوا بۆ "وشە" باسی لەو هۆكارانە كرد كە وایان كردووە تا ئێستە توێژینەوەكانی شوێنەواری چەرموو نەبن بە كتێبێك، ئەو گوتی "ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە نووسەران و خەمخۆرانی سنوورەكە و بواری شوێنەوارناسی سەرچاوەیەكی ئەوتۆیان لە بەردەستدا نەبووبێت جگە لە چەند زانیارییەكی كەم نەبێت، ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی نەتوانرێت شتێكی دوور و درێژی لەبارەوە بنووسرێت و چاپ بكرێت. یان دەكرێ بڵێین نووسەران و شارەزایانی شوێنەوار ئەوەندە گرنگییان نەدابێت بە شوێنەوار و بیر لەوە بكەنەوە كە پێویستە ئەم مێژووە گرنگەی خاكی كوردستان لەبیر نەكرێت".
هەرچەندە ئەو كتێبە ئامادەكردن یان كاری ڕۆژنامەوانییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئامادەكارانی ماندووبوونیان بۆ نەكردبێت، پێشەوا شێخ رەئووف باسی لەوە كرد، بیرۆكەی ئەم كتێبە بۆ پێنج ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، كاتێك پاشكۆیەكی 12 لاپەڕەییان لەبارەی شوێنەواری چەرموو لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاو كردووەتەوە، بۆ ئەم كارەشیان پێشتر سەرجەم لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانیان ئامادە كردووە.
پێشەوا گوتی "توانیمان سەدان وێنە و هێڵكاری كۆنمان دەست بكەوێت كە لەلایەن تیمەكەی زانای شوێنەوارناسی ئەمەریكی (رۆبەرت جۆن برەیدوود) گیراون و هێڵكاری و نەخشەیان بۆ كێشراوە. سەرجەمیان لە چوارچێوەی كتێبێكی قەبارە گەورەدان كە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی سەر بە زانكۆی شیكاگۆی ئەمەریكی بە ئینگلیزی بەچاپیان گەیاندووە. ئەو كتێبە لەرێی شاندێكی زانكۆی شیكاگۆوە تەنیا یەك دانەی هاتووەتە كوردستان، بە دۆزینەوەی وێنەكان شاگەشكە بووین".
پێشەوا دووپاتی ئەوەی كردەوە، كارە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی لەگەڵ هاوڕێ لەتیف، وایكردووە كتێبەكەش بەناوی هەردووكیان بێت، لە وەڵامی ئەوەی چ شتێك لەم كتێبەدا نوێیەدا هەیە، پێشەوا گوتی "ئەوەی نوێ بێت لەم كتێبە كۆكردنەوەی سەرجەم بۆچوونەكانە لە رووی ئابووری و ئاینی و مێژووی چەرموو، هەروەها كتێبەكە 130 وێنەی لەخۆ گرتووە پێشتر لە هیچ شوێنێك بڵاو نەكراوەتەوە".
ئەو كتێبەی ئامادە كراوە لە 214 لاپەڕە پێكهاتووە بەقەبارەی 17 بە 24 سم. ئەوەی جێی تێبینی بێت، ئەوەیە ئەم كتێبە لەسەر ئەركی كاسبكارێك چاپ كراوە. پێشەوا بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، ئەوان روویان لە زۆر دەزگە و كەسایەتی كردووە، بۆ ئەوەی ئەركی لەچاپدانی كتێبەكە لە ئەستۆ بگرن، كەچی تەنیا كەسێك ئەركەكەی لە ئەستۆ گرتووە كە كاسبكارێكە، لە ساڵی 2013ەوە تا ئێستە لە دەرگەی زۆر بەرپرس و فەرمانگە و كەسایەتی و سەرمایەدار و تەنانەت وەزارەتی رۆشنبیریشمان دا تا كتێبەكەمان بۆ چاپ بكەن، بەڵام كەس بەدەممانەوە نەهات. دواجار مانگێك لەمەوبەر هاوڕێی رۆژنامەنووسم (پشكۆ خاڵدانی) داوای لە خزمێكی خۆی كردبوو بەناوی (حاتم جەلال خاڵدانی) تا هاوكاریمان بكات، ئەو برادەرە هەرچەندە خوێندەوارییەكی ئەوتۆی نییە و خاوەنی گەڵابەیە و سەرقاڵی كاركردنی خۆیەتی، بەڵام هەستی بەوە كردبوو كە ئەم كتێبە گرنگییەكی زۆری هەیە، دەستبەجێ بڕیاری دا ئەركی چاپكردنەكەی بگرێتە ئەستۆ".
وێڕای قسەكردن لەسەر گرنگیی كتێبەكەی، پێشەوا ئەوەی لەبیر نەكرد كە ئەو كەسەی ئەركی لەچاپدانی كتێبەكەی لە ئەستۆ گرتووە، تووشی رووداوێك بووە و ئێستە لە ناو جێ كەوتووە. پێشەوا لە كۆتایی قسەكانی گوتی "زۆر سوپاسی كاك حاتەم دەكەین و هیوادارم نموونەی زۆربێت و خوای گەورە شیفای بدات. راستییەكەی ئەگەر ئەو نەبووایە، ئەم كتێبە گرنگە چاپخانەی نەدەبینی".