تەنیا هەولێر و دهۆك خەمی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیانە

:: PM:05:16:21/08/2018 ‌
ساڵانە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، وەك پاڵپشتی لە سنوورەكانەوە گومرگ لەسەر بەرهەمی هاوردە دادەنرێت، كەچی ئەوە تەنیا لە هەولێر و دهۆك پیادە دەكرێت و بازاڕەكانی سنووری سلێمانی بەسەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ئێراندا دەڕووخێت، بە بڕێكی ڕەمزی لە سنوورەكانەوە دێنە ژوورەوە. ئەوە كە هۆكارە لە پاشەكشە و لەناوبردنی بەرهەمی ناوخۆ، جووتیارانیش ڕەنج بەخەسار دەكات. لەوبارەوە وەزارەتی كشتوكاڵ بێ دەسەڵاتییان ڕادەگەیەنێت و بەڕێوەبەری گشتیی گومگیش دەڵێ، "گومرگی هەموو مەرزە فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكێكە".

لە سەرووی ٤٦ پلەی گەرمییەوە، عەلی قاسم لە سێبەری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكەی كە لە پانتایییەكی عەلوەی هەولێر جێی بۆ كردووەتەوە، هەڵتروشكاوە و لە چاوەڕێی كڕیار بە توندی مژ لە جگەرەكەی دەستییەوە دەدات و دووكەڵەكەی بۆ سەرەوە بەبا دەدا.

 نیگەرانی ناخی داگرتووە و نائومێدی دەورەی داوە. ناوەناوە سەرێك بەملاولادا دەكات و چەند جارێك بە دەوری ئۆتۆمبێلەكەی دەسووڕێتەوە و دیسانەوە لە شوێنەكەی پێشتری دەگیرسێتەوە. ترسی بەسەرداكەوتنەوەی بەرهەمەكەی هەراسانی كردووە و دواجار تووڕەیی جێی ترسەكەی دەگرێتەوە، تووڕەیییەك زیاتر لە تینی خۆرەكە دەموچاوی ڕەش داگێڕاوە. 

نیگەرانی و ترس و نائومێدی و تووڕەیییەكەی عەلی، پاداشتی هەشت مانگ ماندوو بوونی كێڵان و چاندن و ئاودان و بژار و هەڵكەندنی بەرهەمەكەیەتی ئەمڕۆ هەڵیدەگرێتەوە. ئەو كە مانگی 10ی پار بە ئومێدی سوودبینین، لە زەوییەكەی پیوازی چاند، ئێستە بەرهەمەكەی هێناوەتە بازاڕ و دوو ڕۆژە بۆی ساغ نەبووەتەوە.

 پیوازەكان جێ جێ لە لایلۆنی ١٥ كیلۆییدان و ئەگەر بەیانی بۆی نەفرۆشرێت، ئەوا گەرما دەیڕزێنێت و ناچارە وەك هاوڕێ جووتیارەكەی بیخاتە زبڵدانەوە. وەنەبێت عەلی چاوی لە قازانج بێت، بەڵكو بەزیانیش بۆی ساغ نابێتەوە و بۆ هەر كیلۆیەك پیواز داوای ١٥٠ دینار دەكات. ئەوە لەكاتێكدایە بە پێی توێژینەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ، تێچووی هەر كیلۆیەكی بەرهەمی كشتوكاڵی نزیكەی ٢٠٠ دینارە. ئەو دەڵێ "ئەمساڵ زیانێكی زۆر دەكەم".

لە عەلوەی هەولێر هاوشێوەی عەلی زۆرن و دڵدار سدیق جووتیارێكی ترە و دەڵێ، "ئەمساڵ هەموو بەرهەمەكەمان زیانە". شوانی جووتیاریش دەڵێ "من بە ١٠٠ دینار پیوازەكەم دەفرۆشم و كڕیار نییە". فارسی جووتیاریش كە بەرهەمی تەماتەی هەیە دەڵێ "ئەمساڵ بازاڕ زۆر خراپە". بەرهەمی تەماتە و زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان كە تەنیا یەك ڕۆژ لەبەر تینی گەرمای تاقەتپروكێندا خۆ دەگرێت و پێویستە بەهەر نرخێك بێت ساغ بكرێتەوە، ڕێباز غازی عوسمانی جووتیاریش دەست بۆ توێتا پڕ تەماتەكەی ڕادەدێرێت و دەڵێ، "ئەوە سێیەمین وەجبەیە دەیهێنمە بازاڕ و بە زیان دەیكەمەوە پارە".

خاوەن نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی عەلوەی هەولێر، شاهیدن بەسەر دۆخی خراپی ئەمساڵی جووتیاران و سلێمان كاتبی نووسینگەی نەورۆز كە بەرهەمێكی زۆری پیوازیان لەسەریەك هەڵچنیوە، دەڵێ "بازاڕ باش نییە".

 هەر لەو بازاڕە هادی شكور لە نووسینگەی تەقتەق دەڵێ، "ئەمساڵ نرخی بەرهەمەكان دابەزیون و تا ئێستە هیچ جووتیارێك خێری نەكردووە".

ئەمساڵ لەو بازاڕە كیلۆیەك پیواز بە ٨٠ دینار فرۆشراوە و كیلۆیەك تەماتەیش بە كەمتر لە ٢٠٠ دینار لە ترسی خراپبوون و فڕێدان بە پارە هاتوونەتە گۆڕینەوە، لەكاتێكدا پار نرخیان لە ٣٠٠ دینارەوە بۆ ٧٥٠ دینار بووە.

ئەو پەتای زیانە كە هەموو بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی تری گرتووەتەوە، بەرهەمی ناوخۆ عەلوەی هەولێری داپۆشیوە و بەكەمی هاوردەی تێدا دەبینرێت، ڕەجەب حاجی سەرۆكی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێ، "دۆخی جووتیاران گەلێك خراپە و هیچ كات وەك ئەمساڵ زیانیان بەر نەكەوتووە".

ئەوە دۆخی جووتیارانی كوردستانە بەگشتی، دۆخی بنیاتنەرانی كەرتێك كە كۆڵەگەیەكی پتەوی ژێرخانی ئابووریی وڵاتە و حكوومەتیش لەبری بووژاندنەوەی، بە بیانووی تەنگژەی دارایییەوە چاوی لەو كەرتە داخستووە و جگە لە دانانی گومرگ، هیچ پاڵپشتییەكی بۆ جووتیاران پێ نییە.

"وشە" بۆ ئەوەی هۆكاری دۆخی خراپی ئەمساڵی جووتیاران و ئەو زیانە گەورەیەی بە كەرتی كشتوكاڵ دەكەوێت بدۆزێتەوە، بەدواداچوونی وردی لە پارێزگاكانی كوردستان دەست پێ كرد.

سلێمانی لەناوبەری بەرهەمی ناوخۆ!
لەگەڵ ئەوەی نەمانی هیچ پاڵپشتییەك لە لایەن حكوومەتەوە باری جووتیارانی قورستر كردووە، ئەوان خەرجییان زۆرە و كێشەی بە بازاڕكردنیان هەیه، بەوەی لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەم، هەمووی بە یەكجار دەهێنرێتە بازاڕەوە و ئەوەش كە لە تاقەتی ناوخۆ زیاترە، نرخەكەی بەزەویدا ڕۆ دەبات و بەرهەمی هاوردەیش هێندەی دی نرخەكەی دادەبەزێنێت. سەرۆكی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێریش دەڵێ، "بەرهەمی خۆماڵی زۆرە و ئەگەر هەناردە نەكرێت، لە بازاڕەكانی كوردستان خەرا دەبن و دەبێت فڕێ بدرێن".

ئێستە كە كاتی پێگەیشتنی زۆر لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانە، جیا لە بازاڕەكانی هەولێر، عەلوەی پارێزگای دهۆكیش بەرهەمی ناوخۆ دایپۆشیوە و بەرهەمی هاوردەی یەكجار كەمە. كەچی لەگەڵ ئەوەشدا جووتیارانی ئەو سنوورەش هەمان دەردی جووتیارانی هەولێریان هەیە و بەرهەمەكانیان بۆ ساغ نابێتەوە. خراپتر لە هەولێر و دهۆك دۆخی جووتیارانی سلێمانییە.

ساڵانی تر بەرهەمی ناوخۆی كوردستان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕۆیشت، كەچی ئەمساڵ نەك هەر ئەوان نایبەن، بەڵكو سنووری پارێزگای سلێمانیش بەرهەمی هاوردەی ئێران دایپۆشیوە.

بەپێچەوانەی عەلوەی دهۆك و هەولێر، عەلوەكەی سلێمانی بەسەر بەرهەمی كشتوكاڵی ئێراندا دەڕووخێت. كاتێك دەچیتە ژوورەوە هەر لە تەماتە و شووتییەوە بگرە تا دەگاتە پەتاتە و پیواز و سەوزە و هتد.. هەموو بەرهەمەكانی ئەو عەلوەیە ئێرانییە و لە سنوورەكانەوە هاتوونەتە ژوورەوە و بە كەمی نرخیان ڕكابەری بەرهەمی خۆماڵی دەكەن!.

حەمەسوور لە عەلوەی سلێمانی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەیە، دەڵێ "جاران لە هەولێرەوە بەرهەممان دەهێنا، بەڵام ئێستە هەرچی بەرهەمی كشتوكاڵییە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت".

ئەوە لەكاتێكدایە، ساڵانە وەك پاڵپشتی بەرهەمی خۆماڵی، وەزارەتی كشتوكاڵ لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانی ناوخۆ، گومرگ لەسەر هاوردە دادەنێت كە بەپێی لیستی دانانی باجی گومركی، لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ ساڵی ٢٠١٨ی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو؛ بەرهەمی سەوزە و میوە كە لە نیوەی مانگی چوارەوە تا نیوەی مانگی 12 (بەپێی كاتی پێگەیشتنی بەرهەم)، بۆ هەر كیلۆیەك هاوردە، لە ٢٥٠ دینارەوە تا ٣٠٠ دینار لە سنوورەكانی گومرگ وەردەگرێت. بۆ ئەوەی بەرهەمی هاوردە لە بازاڕەكانی كوردستان نەتوانن ڕكابەری بەرهەمی خۆماڵی بكەن و جووتیاران مایە پووچ بكەن.

كەچی ئەوە نەك هەر دادی بەرهەمی ناوخۆ و پێشی بە مایەپووچی جووتیاران نەگرتووە، بەڵكو لە كۆی سنووری سلێمانی بەرهەمی ئێرانی لە ناوخۆ هەرزانترە!.

"وشە" ئەو زانیارییەی گەیاندە وەزارەتی كشتوكاڵ، كەچی سەرباری باجی پەیامنێریی دەزگە و ناسنامەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسی، بەڵام بە بیانووی نەبوونی نامەی تایبەتی لە لایەن دەزگەوە و ئاراستەكراو بۆ وەزارەت، هیچ لێدوانێكیان لەوبارەوە نەدا، بەڵام ئەو زانیارییەی "وشە"یان ڕەت نەكردەوە و گوتیان ئێمە دەسەڵاتمان بەسەر ئەو سنوورانەی سلێمانیدا نییە، كە بە ئارەزووی خۆیان و بە بڕێكی كەمی گومرگی نزیك لە بڕیاری حكوومەتی عێراق، بەرهەم دێننە ژوورەوە.

لە بەرانبەردا شەماڵ عەبدوڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەهەموو شێوەیەك ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە لە خاڵە سنوورییەكانەوە بە گومرگێكی كەم بەرهەم بێتە ژوورەوە و ڕای دەگەیەنێ، لە پەروێزخانەوە تا ئیبراهیم خەلیل، یەك پێناس و بەرنامەی كاری گومرگی جێبەجێ دەكرێت و هەموو دەروازە و بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پابەندن بە ڕێنوێنییەكانی ئێمە. 

ئەو گوتی "ئێمە بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەین و بەهیچ شێوەیەك لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە پێی بریاری حكوومەتی عێراقی گومرگ وەرناگیرێت". حكوومەتی عێراقی لە هاوردەی بەرهەمی ئێرانی، كەمتر لە نیوەی هەرێمی كوردستان گومرگ ‌وەردەگرن و شەماڵ عەبدوڕەحمان دەڵێ، "كوردستان لەهەر شتێكدا یەك بڕیار نەبێت، لە خوا بەزیاد بێت لە گومرگ یەك بڕیارە". مەرزە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە.

بە پێی زانیارییەكانی "وشە"، جیا لە مەرزە نێودەوڵەتییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كە جاروبارە بە قاچاخ لێیانەوە بەرهەمەكان هاوردە دەكرێت، لە خاڵە سنوورییە لاوەكییەكان بازرگانان بە ڕێككەوتن و بەناوی خوارووی عێراق، بە بڕێكی ڕەمزی بەرهەمی ئێرانی بۆ كوردستان دێننە ژوورەوە و لە بازاڕەكانیدا ساغی دەكەنەوە.

ئارام سایەخان گوتەبێژی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان ڕای دەگەیەنێ، لە كاتی دانانی گومرگ لەسەر بەرهەمەكانی هاوردە، لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان گومرگی تەواو وەردەگیرێت، كە بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەستراوەتەوە بە وەزارەتی دارایی و لەوێوە ڕاستەوخۆ چاودێری سنوورە نێودەوڵەتییەكانی كوردستان دەكرێت و داتاكان تۆمار دەكرێت.

سەرباری ئەوانەیش هەوڵ هەیە بۆ هێنانی بار بە قاچاخ، ئارام سایەخان نایشارێتەوە كە لە تەنیشتیانەوە بار دزە دەكات و لە مەرزەكانی تریشەوە بار دێتە ناوەوەی كوردستان، ئەو دەڵێ، "لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، سێ بار كە مەبەستیان بووە بە قاچاخ بەرهەمی كشتوكاڵی بهێننە كوردستان، لە سنوورەكەیان گیراون".

"وشە" هەر بەوە ڕازی نەبوو و نەوەستا تا سەرچاوەی سەرەكی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە ئێرانییەی بازاڕەكانی سلێمانی تەنیوە و بە نرخی كەمی، پاشەكشەی بە بەرهەمی خۆماڵی كردووە؛ نەدۆزییەوە.

ئەو بەرهەمانە لە خانەقینەوە دەهێنرێت و لەولای مەرزی نێودەڵەتی پەروێزخانەوە مەرزی مونزریە هەیە. ئەو مەرزە‌ سەر بە حكوومەتی عێراقییە و بەپێی بڕیاری ناوەند باج و گومرگ وەردەگرن، كە بۆ هەر كیلۆی بەرهەمێك تەنیا ٩٠ دینار دەستێنن‌. ئەو سنوورە كە ڕاستەڕێ دێتەوە خانەقین، بەبێ ئەوەی كەسێك هەبێت لە خەمی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ ڕێگری لێ بكات، لەوێوە بەرهەمەكان ئازادانە بۆ سلێمانی و بازاڕەكانی تری ئەو سنوورە دەهێنرێن.

تێچووی كیلۆی هەر بەرهەمێك تا دەگاتە ناو عەلوەی سلێمانی، بە گومرگیشەوە كەمتر لە ١٥٠ دینارە و ئەوەش نیوەی گومرگی دانراوی وەزارەتی كشتوكاڵە كە لە سنوورەكانی كوردستانەوە دێنە ژوورەوە، هەڵبەت بەبێ كڕێی گواستنەوە.

هەولێر خەمی ماندووبوونی جووتیاران و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی لەبەرە
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەو بەرهەمانەی لە مەزرا و بێستان و ڕەزەكانی ئێران لێ كراونەتەوە و لە بازاڕەكانی سلێمانی ساغ دەكرێنەوە و بوونەتە مۆتەكەی بەرهەمی ناوخۆ، ئەگەر بهێنرێنە هەولێر، ئەوا لە بازگەكانی ڕێی لێ دەگیرێت و ئەگەر باجی گومرگییەكەی هەمان ئەو بڕە بێت كە وەزارەتی كشتوكاڵ دیاری كردووە، ئەوا ڕێی هێنانی بۆ ژوورەوە دەدرێت، خۆ ئەگەر لەو بڕەش كەمتری دابێت، ئەوە بڕی تەواوكراوی لێ وەردەگیرێت، بۆ ئەوەی هاوتای گومرگی داندراوی وەزارەتی كشتوكاڵ بێتەوە. خۆ ئەگەر بە قاچاخیش هێنرابێت، ئەوا لە عەلوەی هەولێر هەر لێی وەردەگیرێت.

بازرگانان و سەرۆكی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێریش ڕەجەب حاجی كە خۆیان لەناو ئەو كارەدان، زانیارییەكەی "وشە" پشتڕاست دەكەنەوە، كەچی بەڕێوەبەری گومرگی گشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، "ئەوە ڕاست نییە و لە هیچ بازگەیەكی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بازگەی گومرگی نییە"!.

جاران لەو سەروبەندەدا بازرگانانی سلێمانی و ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش لە هەولێر بەرهەمێكی زۆری ناوخۆیان بۆ سنووری پارێزگاكانی خۆیان دەبردەوە، كە ئێستە لەبەر بێ بازاڕی، جووتیارانی عەلوەی هەولێر بە تاوڵە و دۆمینە ڕۆژەكەیان بەڕێ دەكەن و بە بەرچاوی خۆیانەوە پلەی گەرما بەرهەمەكانیان دەڕزێنێت.

ئاخر كاتێك كە بەهای تمەنی ئێرانی داوەشیوە و بەرهەمەكانی هەرزان دەكەوێت و لە سنوورەكانیش بە بڕێكی كەمی گومرگ بگاتە كوردستان، بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق چ مەجبوورن بێن و بەرهەمی ناوخۆی كوردستان لە عەلوەكانی باربكەن.

ئەو ئافاتە كە سەرچاوەكەی لە ئێرانەوە هەڵیكردووە، ئەگەر لە خانەقینەوە ڕێی لێ نەگیرێت و حكوومەتی عێراقیش ناچار نەكرێت لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆی كوردستان، گومرگەكانی هاوتای حكوومەتی هەرێم لێ بكات، ئەوا ئەو ڕەشەبایە نەك هەر گوڵ بەدارەكانەوە ناهێڵێت، بەڵكو بەرهەمی خۆماڵی لە ڕیشەوە هەڵدەكەنێ.

وشە/ هەولێر. چواس خالید



وشە - تایبه‌ت