دوای 15 ساڵ بەرهەمهێنەرانی نەوت رێككەوتنێكی گرنگیان ئیمزا كرد

:: AM:09:50:11/12/2016 ‌

وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك رێككەوتن لە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە. رووسیا و چەند وڵاتێكی تر بڕیاریان دا رۆژانە ٥٦٢ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە.

ئەمە بە گرنگترین رێككەوتنی نێوان وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك هەژمار دەكرێت لە ١٥ ساڵی رابردوودا ئیمزا كرابێت. پێشبینی دەكرێت بەهۆی ئەم رێككەوتنە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەرز ببێتەوە.

سەرووی ساڵێكە وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك دەستیان بە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان كرد بەو ئامانجەی وێڕای رێگری لە زۆر دابەزینی نرخی نەوت، بتوانن نرخەكەشی بەرز بكەنەوە.

كەمكردنەوەی ٥٦٢ هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك، لە سەرەتای ساڵی نوێوە جێبەجێ دەكرێت. رووسیا بە تەنیا ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەی كەم دەكاتەوە.

٣٠ مانگی رابردووش لە كۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپێك لە نەمسا بڕیار درا ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكرێتەوە. لەو بڕە ٤٨٦ هەزار بەرمیل لە لایەن سعوودیەوە كەم دەكرێتەوە.

وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت پێشبینییان كردووە بەم زووانە نرخی نەوت بگاتە ٦٠ دۆلار و ئەو دابەزینە لە بەرهەمهێنانی نەوتیش هیچ زیانێك بە وڵاتانی بەرهەمهێنەر ناگەیەنێت.

 وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ملیۆنێك و ٧٦٢ هەزار بەرمیلیان داوە.

نرخی نەوتی خاو لە ساڵی ٢٠١٤ تا نزیكەی ١١٥ دۆلار بەرز بووەوە. سعوودیە بۆ ئەوەی گورزێك لە ركابەرەكانی بوەشێنێت، بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی یەكجار زۆر بەرز كردەوە و ئەو بەرزبوونەوەیە لە بەرهەمهێنانیش وای كرد ئاستی پێداویستی لە خوارووی ئاستی خستنەڕوو بێت و نرخی نەوت بۆ نزیكەی ٢٧ دۆلار داببەزێت.

دوایین كۆبوونەوەی نێوان وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك بۆ مەبەستی كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی ٢٠٠١، لە دوای هێرشە تیرۆریستییەكان بۆ سەر تاوەرەكانی ئەمەریكا ئەنجام درا. ئەوكات نرخی نەوت زۆر دابەزیبوو و دەبوو نیو ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی رۆژانە كەم بكرێتەوە و دوای كۆبوونەوەكەش بڕیار درا ٤٦٢ هەزار بەرمیل نەوت لە بەرهەمهێنانەكە كەم بكرێتەوە.

لەو هەفتەیەی كۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپێك ئەنجام درا و رێككەوتنەكە بۆ دابەزاندنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت ئیمزا كرا، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بە رێژەی ١٦% بەرز بووەوە. هەفتەی رابردووش هەفتەی خۆڕاگری نرخی نەوت بوو و سەرەڕای ئەوەی كە نرخی نەوت نزیكەی دوو دۆلار دابەزی، بەڵام دواجار لە ژێر كاریگەری دەستپێكردنی كۆبوونەوەی دوێنێ شەموو بە ٥٤ دۆلار و ٢٤ سەنت جێگیر بوو.

سەرچاوە/رادیوفردا-رۆیتەرز-dailyfx


وشە - سلێمان تاشان