ئەمڕۆ 10 هاووڵاتیی خنكان

:: PM:08:19:23/08/2018 ‌
تەنیا ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك هاووڵاتیی بەهۆی خنكانەوە بوونەتە قوربانی و تەرمی چەند كەسێكیشیان نەدۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی ئاب/ ئۆگەستس، لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و لە شوێنە گەشتیارییەكان چەند هاووڵاتییەك خنكاون بەجۆرێك نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دەریاچەی دۆكان هاووڵاتییەكی بەڕەگەز عەرەب كە بەمەبەستی گەشتكردن چووەتە ئەو ناوچەیە خنكا و پۆلیسی سلێمانیش ڕای گەیاند، بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەكەیدا.

هاوكات هەر ئەمڕۆ مێرمنداڵێكی تر كە تەمەنی 12ی ساڵانە لە ناو ئاوی ڕووباری خاپوور خنكا و تەرمەكەیشی لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی دەرهێنراوە و رەوانەی پزیشكی داد كراوە.

بەپێی چەند زانیارییەكیش كە دەست "وشە" كەوتوون لە شارۆكەی داقووقیش شەش هاووڵاتیی ئەمڕۆ لەكاتی مەلەكردندا خنكاون.

لە لایەكی ترەوە درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕووباری خازری سەر بە شارۆكەی شێخان دوو گەنج خنكان كە برای یەكتربوون.

عەبدوڵا جومعە هاووڵاتییەكی ناوچەكەیە بە "وشە"ی راگەیاند، چوار كەس كە برای یەكتربوون بە مەبەستی گەڕان و مەلەوانی روویان لە رووباری خازر كرد، بەڵام دوو لەو برایانە خنكان.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو چوار برایە خەڵكی شارەدێی كەلەكچی سەر بە شارۆكەی شێخانن و لە نێوان تەمەنی 12 بو 30 ساڵی دابوون، ئەو دوو برایەیشی كە خنكاون ناوەكانیان حەسەن كەمال 14 ساڵ و ئەحمەد كەمال 21 ساڵی بوون.


شێخان/ نەوزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم