كێ دەستی لە كوشتنی هەردوو شارەزای جوانكاریدا هەبووە؟

:: PM:11:04:25/08/2018 ‌

 


هەریەك لە رەشا حەسەن و رەفیف یاسری، شارەزایامی جوانكاری عێراقی كە سەنتەرەكانی جوانكاریان لە بەغدا ناوبانگێكی باشیان هەبوو و ئەو دوو خاتوونە بوونە خاوەن ناوبانگێكی باش لە وڵاتانی عەرەبی، تەنانەت دوای گیانلەدەستدانیشیان هەر بە ناوبانگ و سەركەوتوو وەسف كرا، بەڵام كوژرانی دوای یەكی ئەوان لە ماوەیەكی كورت گومان دەخاتە سەر رووداوی گیانلەدەستدانیان بەو شێوە نادیارەوە.

ئەو شێوازە ناروونەی گیانلەدەستدانی ئەو دوو شارەزایەی جوانكاری لە بەغدا كاردانەوەی گەورەی لە شەقامی عێراقی و عەرەبی دروست كرد، بەتایبەتی كاتێك زانیارییە سەرەتاییەكانی هەردوو رووداو هاوشێوەیە.

رەشا خاوەنی سەنتەری جوانكاری "ڤیۆلا" كە وەزارەتی تەندروستیی عێراق گیانلەدەستدانی لە 23ی ئەم مانگە راگەیاند لە دوا پۆستی لە لاپەڕەی خۆی لە "فەیسبووك" واتە بەر لە دوو رۆژ لە مردنی نووسیویەتی، هەموو ساڵێكتان بەخۆشی بیت و خوا هەموو رۆژێكتان بكات بە جەژن، لێم ببورن بەهۆی ناتەواوی باری تەندروستییەوە (ئینفلەوەنزا) لە پیرۆزبایی لێتان دواكەوتم.

بەر لە هەفتەیەكیش، واتە 16ی ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی عێراق مردنی رەفیف یاسری شارەزای جوانكاری خاوەن سەنتەری جوانكاری باربی و تایبەت بە نەشتەرگەریی جوانكاری و لێزەرەری راگەیاند، كە گەورەترین سەنتەری جوانكاری بوو لە بەغدا. 

تا ئێستە ئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی مردنی ئەو دوو شارەزایەی جوانكارییە رانەگەیندراوە، ئەگەرچی هەردوو گوتەبێژی بەناو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی چەند هۆكارێكی سەرەتاییان باس كرد، بەڵام پێ دەچێت شەقامی عێراقی قەناعەتی پێ نەكردبێت ئەوانیش وەرگرتنی بڕێكی زیادەی دەرمانە لەلایەن رەفیف و نەخۆشكەوتنی رەشایە.

محەمەد روبێعی، چالاكی یاسایی وای بۆ دەچێت كە گرووپە چەكدارەكان ئەو دوو شارەزایەی جوانكارییەیان كردبێتە ئامانج و هەندێك لە سەنتەركانی جوانكاریان بە رووكەشی هەواڵگری و پێوەست بە سوپای پاسدارانی ئێران وەسف كرد، دووپاتی كردەوە، ژمارەیەك گرووپی چەكدار ئەو سەنتەرانە و چەند شوێنێكی تر بەكاردێنن كە سەرچاوەی داهاتی دارایی زۆرن، ئەوان وەك رووكەش بەكاریان دێنن و لەو رێگەوە پارەی باشیان دەست دەكەوێت، روونی كردەوە، ئەو سەنتەرانە لە بەغدا پاراستنی باشیان هەیە.

زیاتر گوتی، كەسایەتی ناوداری عێراقی نزیك لە ئێران سوود بە كەسانی ناوداری ناو كۆمەڵگە وەردەگرن لە كاری سپیكردنەوەی پارە، بۆیە پێشبینی دەكەین كە هۆكاری مردنی رەفیف و رەشا خواستی ئەو كەسانە بێت بۆ بڕینی هەر گومانێك لەسەر ئەوان لەبارەی گەندەڵییەوە.  

دووپاتی كردەوە كە سەنتەری "باربی" رەفیف یاسری دەكەوێتە ناوچەی جادرییە كە نووسینگەكانی حەشدی شەعبی و رێكخراوی بەدری گەورەترین گرووپی حەشدی شەعبی لێیە و رووداوەكەیش هاوكاتە لەگەڵ دروستبوونی ترازان لەناو رێكخراوی بەدر. 


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل