قەرز كۆن دەبێ بەڵام نافەوتێ

:: PM:12:47:28/08/2018 ‌

سەفین كانەبی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان قەرزە كۆنەكەی بە یاریزانی بەڕازیلی و ئەستێرەی پێشووی یانەی زێرەڤانی و ئێستای یانەی تۆپی پێی هەولێر تیاگۆ ئاماڕاڵ دایەوە.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نوێترین چاڵاكی خۆی بڵاو كردەوە كە ئەویش بەخشینی دیارییەكی تایبەت بووە بە تیاگۆ ئاماڕالی گۆڵكاری بەڕازیلی و ئەستێرەی پێشووی یانەی زێرەڤانی.

كانەبی نووسیویەتی "لە بارەگەی یەکەتیی تۆپی پێی کوردستان، رێزلێنان لە یاریزانی پیشەگەری بەرازیلی یانەی زێرەڤانی، تیاگۆ ئاماڕال گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی 2017/2018.

هەروەها نووسیویەتی "وەک چۆن لە مەراسیمی کۆتایی خولی نایابی کوردستان بەڵێنم دابوو دیاری تایبەتی پێ ببەخشم، بەڵام ماشا‌والله لەبەر سەرقاڵی من و سەفەری تیاگۆ بەخشینی دیارییەكە بۆ ئێستە دواکەوت.

لە كۆتاییدا سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان نووسیەتی "کورد دەڵێ قەرز کۆن دەبێ، بەڵام نافەوتێ.

جێی باسە تیاگۆ وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی زێرەڤانی ناسناوی خولی نایابی كوردستانی بەدەستهێنابوو و هەر ئەویش بە تۆماركردنی 12 گۆڵ ببووە گۆڵكاری خولەكە، ئەستێرە بەڕازیلییەكە ئێستا لە ریزی یانەی هەولێر یاری دەكات و بڕیاریشە وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەكە بەشداری لە خولی نایابی عێراق بكات دوای ئەوەی بەر لە جەژن ركابەرییەكانی خولی پلە یەكی عێراقیان بە پلەی یەكەمی كۆمەڵەی یەكەم بڕی بوو.

سەرۆکی یەکەتیی تۆپی پێی کوردستان لەگەڵ تیاگۆی یاریزانی بەڕازیلی



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م